Erbil 11°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 17:41

په‌رله‌مانى کوردستان ئاماده‌کارى بۆ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور ده‌کات

کوردستان TV
100%

په‌رله‌مانى كوردستان ئاماده‌كارى بۆ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و سكرتێری پەر‌له‌مانیش رایده‌گه‌یەنێت، بۆ ماوه‌ى 10 رۆژ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان ڕا و بۆچوونى حیزبه‌كانیان وه‌رده‌گرن بۆ پێكهێنانى لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور.

مونا قه‌هوه‌چی، سكرتێری پەر‌له‌مانی كوردستان به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌ى نێوان ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند پرسێكى گرنگ به‌ڕێوه‌ چوو و، یه‌كێك له‌ پرسه‌كان نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان بوو، کە بۆ چۆنیه‌تى ئاماده‌كردنى لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور، پێشنیازمان كرد بۆ ماوه‌ى 10 رۆژ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان ڕا و بۆچوونى حیزبه‌كانیان وه‌ربگرن سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تى دروستكردنى لێژنه‌كه،‌ كه‌ ئایا هه‌مان لێژنه‌ى پێشوو بێت یاخود ژماره‌كه‌ى كه‌م بكرێتەوە یان زیاد بکرێت، هه‌روه‌ها میكانزمه‌كه‌ى چۆن بێت كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌مێنێته‌وه‌ سەر هه‌ڵسه‌نگاندنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و دواتر له‌ په‌رله‌مان كۆده‌نگییه‌ك دروست ده‌كه‌ین بۆ دروستكردنى لیژنه‌كه‌ تاوه‌كو متمانه‌ى پێ بدرێت و ده‌ست به‌ كاره‌كانیان بكه‌ن.

ده‌شڵێت: دیار نییه‌ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور له‌ خاڵى سفره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كرێته‌وه‌ یاخود له‌ هه‌مان ئه‌و ماددانه‌ى كه‌ سه‌رووى حه‌فتا و چوار مادده‌ نووسرابوو به‌رده‌وام ده‌بن، یانیش پێداچوونه‌وه‌ له‌سه‌ر مادده‌كان ده‌كرێت.

سكرتێری پەر‌له‌مانی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد: پێشتر له ‌كاتى سه‌ردانیکردنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌موویان له‌گەڵ ئه‌وەدا‌ بوون كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌م خولەدا‌ ببێته‌ خاوه‌نى ده‌ستوورى خۆى و ئێستاش ئه‌و فراكسیۆنانه‌ى كه‌ به‌شدار بوون له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دوێنێدا، ئه‌وانه‌شى به‌شدار نه‌بوونه‌ به‌پێى ئه‌و بۆچوونانه‌ى كه‌ هاتووەته‌ په‌رله‌مانى كوردستان، هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستوور، ئه‌گه‌ر بۆچوونى جیاوازیش هه‌بێت ده‌كرێت رێك بخرێت بۆ ئه‌وه‌ى كۆده‌نگى دروست بكه‌ین و پڕۆژه‌یه‌كى نشتیمانى ئاماده‌ بكه‌ین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.