Erbil 4°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 07:54

مه‌سرور بارزانی بۆ قوتابییان و گه‌نجان: ئێوه‌ داینه‌مۆ و خاوه‌نی ئه‌م وڵاته‌ن پێویسته‌ وه‌به‌رهێنان له‌ تواناکانتان بکه‌ن

کوردستان TV
100%


ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کوردستان--هەولێر بۆ ساڵی خوێندنی 2019-2020 2020-2021  بۆ بەخشینی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا  کرد. 

سەرۆکی حکومەت گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆکانی کوردستان دووپات کردەوە و گوتی: ئێوه‌ داینه‌مۆ و خاوه‌نی ئه‌م وڵاته‌ن، پێویسته‌ وه‌به‌رهێنان له‌ تواناكانتان بكه‌ن لە پێناو خزمه‌تکردن و پێشخستنی كوردستان.
ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی گوتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:


قوتابیانی ئازیز و ده‌رچووانی به‌ڕێز:
زۆر خۆشحاڵم و مایه‌ی شانازییه‌ لێره‌ له‌گه‌ڵتانم، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ ئێوه‌ ده‌خوازم، سوپاسی خێزان و كه‌سوكارتان ده‌كه‌م بۆ پشتیوانیکرنتان. 
پیرۆزه‌، ئێوه‌ توانیتان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن و قۆناغی قوتابییەتی ده‌رباز بكه‌ن، له‌ ڕاستیدا ژیانی قوتابیەتی باشترین ساڵه‌كانه‌، بۆیه‌ هیوادارم ئێوه‌ چێژتان له‌ ژیانی قوتابیەتی دیتبێت، شانازی بكه‌ن به‌ یاده‌وه‌رییه‌كانی ژیانی قوتابیتان، پابه‌ند بن به‌و هاوڕێیه‌تییه‌ی له‌م ساڵانه‌ دروستتان کردووە.

ڕەنگە زۆرێك له‌ ئێوه‌، یه‌كه‌م كه‌س بن له‌ ناو خێزانه‌كانتاندا كه‌ ده‌رده‌چن و هیوادارم ئێوه‌ نه‌بنه‌ دوایین كه‌س. 

 زۆرباش دەزانم ژیانی قوتابییەتی سەختە و منیش ئه‌و ئه‌زموونەم هەبووە، ئاشکراشە كۆرۆنا بووه‌ هۆی تێكچوونی باری خوێندن و دابڕان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانتان و چالاكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بوونه‌ به‌شێك له‌ ڕابردوو، وانه‌كان بوونه‌ ئۆنلاین و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان مامۆستا و قوتابی دروست كرد كه‌ زۆر پێویسته‌ بۆ درووستكردنی متمانه‌ و وردبینی ئه‌كادیمی، به‌ڵام سه‌رباری قه‌یرانی دارایی و كۆرۆنا كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر خێزانه‌كان دروست كرد، ئێوه‌ كۆششتان كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچن، خۆڕاگری ئێوه‌ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی پێشاندا كه‌ له‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان خاڵێكی هاوبه‌شه‌ کە ئه‌ویش کۆڵنەدانە.

پێشتریش گوتوومه‌، هه‌رێمی كوردستان زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان و من له‌ هه‌ولێر هەستم بەوە کردووە و له‌ سه‌ردانه‌كانیشمدا بۆ سلێمانی به‌ هه‌مانشێوه‌ بینیومه‌.
ئەو دەوڵەمەندییەم له‌ ئافره‌تێكی ئێزدی گه‌نج بیستووه‌ كه‌ نانه‌واخانه‌یه‌كی بچووكی دروست كردووه‌ و داهاتی كۆمه‌ڵێك خێزان دەستەبەر دەکات، یان ئه‌و گه‌نجانه‌ی زاخۆ كه‌ قوتابییان و خاوەنکاران كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ كۆنفرانسێك له‌ ساڵی داهاتوودا کە هاوكار ده‌بێت بۆ پڕچه‌ككردنی خه‌ڵك به‌و به‌هرانه‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌ پێویستن، یان ئه‌و كچه‌ گه‌نجه‌ی له‌ دهۆك كه‌ هه‌موو ڕۆژێك دره‌خت ده‌چێنێت، ئەمەش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن كۆنفرانسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا بانگهێشت بكرێت، ئه‌مانه‌ سه‌رچاوه‌ی ئومێد و جێی شانازین و بنیاتنه‌ری داهاتوومانن، وه‌ك چۆن ئێوه‌ سه‌رچاوه‌ی هێز و گه‌شه‌سه‌ندنن. 
له‌ ڕاستیدا به‌ توانای ئێوه‌ هه‌رێمی كوردستان دەکرێ ببێتە سه‌نته‌رێكی ئابووری و بازرگانی و شوێنی وه‌به‌رهێنان له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌دا، پابه‌ندم به‌وه‌ی هاوكارتان بم بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانتان به‌دیبهێنن، زۆر خۆشحاڵم ئه‌و هزره‌ ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ ببینم كه‌ نه‌وه‌ی ئێوه‌ گه‌شه‌یان پێ دەدات.

ساڵی رابردوو، ژماره‌یه‌ك له‌و گه‌نج و گرووپه‌ خاوەنکارانەم بینی و به‌رپرسێكی گرووپه‌كه‌ گله‌یی له‌ ڕۆتین و بیرۆكراسی له‌ تۆماركردنی كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌ی نوێ هه‌بوو‌، كاتێكی زۆری خایاند و پاره‌یه‌كی زۆری پێویست بوو، ئەمە گیانی كاركردنی گه‌نجانی ئێمه‌ی ماندوو دەکرد و من ئاگاداری ئه‌و كێشه‌یە ‌بووم، بەڵام توانیمان چاره‌سه‌ری بكه‌ین، هه‌ر بۆیه‌ پابه‌ندم به‌ هاوكاریكردنی ئێوه‌ بۆ بنیاتنانی داهاتووی كوردستان.

بێگومان کارنامە و پلانی حكوومه‌ت هه‌رگیز به‌ بێ هاوكاری ئێوە جێبه‌جێ نابێت، پێویستمان به‌ پشتیوانیتانه‌ و پێویستمان بە ئێوەیە، ده‌مانه‌وێت ئه‌و گه‌نجه‌ به‌ به‌هره‌مەند و به‌ توانایانه‌ ببنه‌ به‌شێك له‌ پێشخستن و به‌هێزكردنی ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌مان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.