Erbil 18°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 06:31

وەزارەتی کارەبا: زیاتر لە ملیۆنێک پێوەری زیرەکی کارەبا بەستراون

کوردستان TV
100%

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زیاتر لە ملیۆنێك پێوەری زیرەکی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەستراوە و بەهۆیەوە توانراوە سێ کاتژمێر و نیو ماوەی پێدانی کارەبا زیاد ببێت.

کامیل قەزاز بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: زیاتر لە ملیۆنێک و 21 هەزار پێوەری زیرەک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەستراون، بڕی ملیۆنێک و500  هەزاری تریش بە بڕی 253 ملیۆن دۆلار بۆ هاوبەشانی کارەبا دابین کراوە.

کامیل قەزاز ڕاشیگەیاند: تا ئێستا وه‌ك قۆناغی یەکەم 350 هەزار پێوەری زیرەک بە پرۆسەی لینکینگ بەگەڕ خراون و بە پێی ئەم پێوەرە کارەبای هاوبەشان دەخوێندرێتەوە، هەروەها ئەمساڵ بەشی هاردوێری پرۆژەکە (بەستنی پێوەرکان) تەواو دەبێت و لە ساڵی ئایندەش بەشی سۆفت وێرەکەی (بەگەڕخستنی پێوەرەکان) تەواو دەبێت.

هەروەها رایگەیاند: بە هۆی پێوەری زیرەکەوە کارەبا کۆنترۆڵ دەکرێت و سەرپێچی بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا چارەسەر دەبێت، بۆ خوێندنەوەی پێوەری کارەباش ناچینە ناو ماڵان و مانگانە پسولەی کارەبا چاپ دەکرێت و دەدرێتە هاوبەشانی کارەبا، هەروەها گۆڕەڕەکانی کارەبا بە تایبەتی لە زستاندا لە سووتان و دەستکاریکردن دەپارێزرێن و توانای سنووردارکردنی بڕی پێدانی ئەمپێری کارەبا هەیە.

بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم 6 هەزار و 900 مێگاواتە، بەڵام بە هۆی نەبوونی سووتەمەنی 3 هەزار و 500  تا 3 هەزار و 800 بەرهەم دێنین.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ سێ سەعات و نیو ماوەی پێدانی کارەبایان زیاتر کردووە و لەنێوان 17-18 کاتژمێر کارەبا دراوە و هەوڵیش دەدەن لە وەرزی زستان لەسەر ئەم باشبوونەی دۆخی کارەبا بەردەوام بن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.