له میانه‌ی به‌شداریكردن له بەرنامەی رۆژەڤی کوردستان ئەمڕۆ ناسر هەرکی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق سه‌باره‌ت به بابه‌تی عێراق و پرسی ململانێی سیاسی و تێکچوونی رەوشی ئەمنی رایگه‌یاند:
بارودۆخی عێراق به‌رده‌وام هه‌میشه ئالۆز بووه و پێویستیشه لایه‌نه‌كانی عێراق بیر بكه‌نه‌وه و پێداچوونه‌وه به سیاسه‌تی خۆیان بكه‌ن، له عێراق چه‌ندین گرفت هه‌ن به‌تایبه‌تی نه‌بوونی متمانه له نێوان لایه‌ن سیاسییه‌كان ، هه‌روه‌ها بوونی سه‌رچاوه‌ی هێز ، هه‌روه‌ها تۆمه‌ت به‌ستن بۆ یه‌كتر ئه‌وه‌ش هۆكاری دیكه‌یه بۆ به‌رده‌وامی ناسه‌قامگیری .
هۆكاری ئه‌نجامدانی هه‌لبژاردن بۆ گۆرینی نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق بوو كه پێشتر لایه‌نه‌كان خزمه‌تی خه‌ڵكی عێراقیان نه‌كردبوو .
هه‌لبژاردن پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتیه‌تیه به‌ڵام ئه‌و چه‌مكه له لایه‌ن لایه‌نه سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی عێراق له رووی پراكتیكیه‌وه نه‌توانراوه به‌باشی تێگه‌یشتنی هه‌بێت و كاری له سه‌ر بكرێت . هاتنی داعش به‌هۆكاری ناسه‌قامگیری سیاسی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه ، هه‌روه‌ها حكومه‌ته‌كانی یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق نه‌یانتوانی خزمه‌تی خه‌ڵكی عێراق بكه‌ن.
هه‌روه‌ها نه‌مانتوانیوه ئه‌و فره پێكهاته‌ییه‌ی كه له عێراق بوونی هه‌یه ، به شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین و جیاوازی له نێوان پێكهاته‌كان نه‌هێڵین . زۆر جار دادگای ئیتیحادی دووچاری هه‌ڵه ده‌بێته‌وه ، كه باس له كوتله‌ی گه‌وره ده‌كات ، ئه‌وه‌ش پێشێلكردنی پرۆسه‌ی دیموكراتیه‌ته .
ئومێد هه‌یه ئه‌و حكومه‌ی داهاتووی عێراق باشتر بێت له‌وه‌ی كه بوونی هه‌بووه له رابردوو .
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ماجد ئیدریس مامۆستای زانکۆ سه‌باره‌ت به پرسی ململانێی سیاسی و تێكچوونی ره‌وشی ئه‌منی رایگه‌یاند:
ئه‌و ره‌وشه‌ی سیاسی و ئه‌منی ئێستا جێگه‌ی پرسیاره ، بۆ داعش تا ئێستا بوونی ماوه ؟ بۆ ئۆپراسیۆنه‌كان به‌رده‌وامی نه‌بووه بۆ له ناو بردنیان ، ئه‌وه جێگه‌ی شه‌رمه‌زارییه كه ئه‌و ره‌وشه وا به‌رده‌وام بێت . ئه‌وانه‌ی شكست دێنن له پرۆسه‌ی هه‌لبژاردن ئه‌و وه‌زعه ده‌قۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشی سیاسی و ئه‌منی تێكبده‌ن.
وه‌ك كورد پێویسته رێككه‌وتنێكی كۆنكریتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان مۆر بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه نه‌كه‌وینه وه‌زعێكی ناله‌بار . گه‌رانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه‌كان ئه‌وانه‌ی ناكۆكی له سه‌ره بۆ ململانێی سیاسی ده‌گه‌رێته‌وه ، پێویسته مادده‌ی 140 كاری له سه‌ر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه وه‌كو پێویست بگه‌ڕێته‌وه .
ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی زۆره له سه‌ر عێراق ، ئێران به شێوه‌یكی راسته‌وخۆ ده‌ست له‌كاروباری ناو عێراق وه‌رده‌دات. ئه‌و فشاره به‌رده‌وامیش ده‌بێت تا كۆمسیۆن ئه‌نجامه‌كان به ته‌واوی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه .
ئه‌وانه‌ی شكستیشیان هێناوه پێویسته له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی و حكومه‌ت رۆڵیان هه‌بێت چونكه بێ ئه‌وان عێراق سه‌قامگیری به‌خۆوه نابینێ .. بۆیه پێویستیمان به ته‌وافوقی سیاسی هه‌یه . كوردیش پێویسته یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین باشترین سه‌نگمان هه‌بێت له حكومه‌تی ئاینده‌ی عێراق.
دارشتنی : سوهێل تاهیر عه‌بدولڵا
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.