وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە زیادکردنی ژمارەیەک کورسی بەخۆڕایی لە کۆلێژەکانی پزیشکی گشتیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو قوتابییانەی کۆنمرەیان 99 بەسەرەوەیە.
ئەمڕۆ هەینی بەسەرپەرشتى د. ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و سەرۆک زانکۆ حکومییەکانى کوردستان، کۆبوونەوەی نائاسایى ئەنجوومەنى وەزارەت بەشێوەى ئۆنڵاین بۆ چارەسەرکردنى پرسى ئەو دەرچووانەى کۆنمرەیان 99 بەسەرەوەیە بەڕێوەچووو، لەدوای کۆبوونەوەکەش وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: بڕیار درا ئەو دەرچووانەى کۆنمرەیان 99 بەسەرەوەیە و لە کۆلێژى پزیشکى گشتیى وەرنەگیراون، دواى زیادکردنى ژمارەیەک کورسى بەخۆڕایى لە کۆلێژەکانى پزیشکى گشتى (هەولێر، سلێمانى، کۆیە و گەرمیان) وەردەگیرێن.
هەروەها ڕایگەیاند: بۆ ئەم مەبەستەش ئەو کورسیە بەتاڵانەى لە ئەنجامى سەرخستنى ئەم دەرچووانە لە کۆلێژەکانى پزیشکى ددان و دەرمانسازى دەمێنێتەوە، ئەو قوتابییانەی دیکە سەردەکەون کە لەم دوو کۆلێژە داوایان کردووە و وەرنەگیراون، ئەویش بەپێى کۆنمرە و ڕیزبەندى داواکارییەکانیان دەبێت.
ڕاشیگەیاند: چارەسەرکردنى کێشەى ئەم دەرچووانە لە چوارچێوەى پرۆسەیەکى ورد و دادپەروەر و یەکسان لە نێوان قوتابیان بەپێى ڕیزبەندى نمرەکان لەلایەن ناوەندى وەرگرتن لە وەزارەت جێبەجێ دەکرێت و دواى تەواوبونى پرۆسەکەش ئەنجامەکەى بۆ قوتابیان بڵاودەکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.