وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەى زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە رۆژانی داهاتوودا كێشەی ئەو ژمارە قوتابییهی پۆلی 12ی ئامادەیی چارەسەر دەكەین و مافی هیچ قوتابییهك نافەوتێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە زانكۆی سلێمانی دڵنیایی دا كە كێشەی وەرگرتنی ئەو ژمارە قوتابییه چارەسەر دەكەن و ڕایگەیاند: زانكۆلاین جێی بڕوایە و ڕاستە كێشەیەك بۆ ئەمساڵ لەو سیستهمەدا ڕوویداوە، بەڵام ژمارەیەكی كەم قوتابی كێشەیان هەیە و ئەو كێشانەش چارەسەر دەكەین.
گوتیشى: داوای ئەو ژمارە خوێندكار و قوتابیە ڕەوایە و پشتگیرییان دەكەم و داواشمان لە زانكۆكان كردووە ژمارەیەک لە پلانى خوێندن زیاد بكەن و لە ئەنجوومەنی وەزارەتیش كە سەرۆك زانكۆكان خۆیان ئەندامن تێیدا بە تەواوەتی پشتگیری ئەو پێشنیارە دەکەن. گوتیشی: ڕێگە نادەین مافی ئەو قوتابییانه بفەوتێت و بەرگریی لە قوتابییان دەكەین.
وەزیرى خوێندنى باڵا ئەوەشی خستەڕوو: بەرپرسیارم لەوەی دەیڵێم، سیستمی خوێندن بە پەروەردە و خوێندنی باڵاوە ئەگەر چارەسەر نەكرێت بەرەو هەڵدێر و كارەسات دەڕوات.
گوتیشی: دڵم ژان دەكات باوكێك بە گوڵەبەڕۆژە فرۆشتن نەوەكەی بەخێو بكات و بیخاتە كۆلێژی پزیشكی، لەو سەریشەوە من نەتوانم وەری بگرم، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەم مافی هیچ قوتابییهك نەفەوتێت. جەختیشی كردەوە: پێویستە خوێندنی تەكنیكی لە هەرێمی كوردستان پێش بخرێ، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بازاڕی كار لەنێوان زانكۆكان و دەرەوەی زانكۆكان دروست بكەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.