نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکانی دیالە دەکات و داوای یەکڕیزی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
یونامی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند: جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر دیالە دەکات، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس.
هەروەها لە بڵاوکراوەکەدا نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوخەمی خۆی بۆ خانەوادەی قوربانیان دەردەبڕێت و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی یونامیدا داوا لە دەسەڵاتداران دەکات کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەربارەی هێرشەکە ئەنجام بدەن و هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی هاوڵاتیان.
لە کۆتایی پەیامەکەشدا جەخت دەکاتەوە کە یەکڕیزی کلیلە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە بەردەوامەکانی تیرۆر و توندوتیژی کە کاریگەری دەخەنە سەر سەقامگیری عێراق، هەروەها ڕاشیدەگەیەنێت ئەوانەی دەیانەوێ زیان بە وڵاتەکە بگەیەنن و دووبەرەکی دروست بکەن ئەوانە سەرکەوتوونابن لەم کارە ئەگەر عیراقییەکان وەکو یەک کیان شانبەشانی یەکتر بوەستن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.