Erbil 2°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 01:28

کۆمیسیۆن: له‌ نه‌ینه‌وا ژماردنی ده‌ستی ده‌نگه‌کان هاوشێوه‌ی ئه‌نجامه‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کان بوون

کوردستان TV
100%

 

كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ پڕۆسه‌ی ژماردنی ده‌ستی بۆ ئه‌و سندووقانه‌ كرا كه‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا تانه‌یان لێ درابوو، ده‌ركه‌وت ئه‌نجامه‌كان هاوشێوه‌ی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ بوون كه‌ پێشتر به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی بڵاو كرابوونه‌وه‌.

نیبراس ئه‌بوو سۆده‌ یاریده‌ری گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ چوارشه‌م پڕۆسه‌ی ژماردنی ده‌ستی بۆ ئه‌و سندووقانه‌ ئه‌نجامدرا كه‌ تانه‌یان لێ درابوو له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، پڕۆسه‌كه‌ش به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و چاودێر و نوێنه‌ری لایه‌نه‌ سیاسی و به‌ربژێره‌كان ئه‌نجامدرا و ئه‌نجامه‌كانیشیان هاوشێوه‌ی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ بوون كه‌ پێشتر به‌ شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی گه‌یشتبوون و ڕأگه‌یه‌نرابوون.

ڕاشیگه‌یاند: سبه‌ی پێنجشه‌م 180 وێستگه‌ی تر له‌ پارێزگای بابل ده‌كه‌نه‌وه‌ و ژماردنی ده‌ستییان بۆ ده‌كه‌ن، دواتریش پڕۆسه‌كه‌ بۆ پارێزگاكانی تریش ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

نیبراس ئه‌بوو سۆده‌ هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ناتوانین واده‌یه‌ك دیاری بكه‌ین بۆ ته‌واوكردنی پڕۆسه‌ی ژماردنی ده‌ستی سندووقه‌كان. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ كۆمیسیۆن ڕێژه‌یه‌كی زۆری فه‌رمانبه‌رانی بۆ ئه‌م كاره‌ ته‌رخان كردووه‌‌ تا كاره‌كان به‌وپه‌ڕی خێرایی ئه‌نجام بدرێ.

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی ده‌نگدان له‌ هه‌موو عێراق، یاریده‌ری گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕایگه‌یاند: كۆمیسیۆن ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیاریكراوه‌ و به‌گوێره‌ی یاسا كار ده‌كات، ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی ده‌نگدانیش ده‌بێت به‌گوێره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره‌ 9ی ساڵی 2020 بێت.

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ڕوودانی گۆڕانكاری ده‌نگه‌كان به‌هۆی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی سندووقه‌كان، نیبراس ئه‌بوو سۆده‌ ڕایگه‌یاند كه‌ پێشبینی ناكه‌ن گۆڕانكاری گه‌وره‌ ڕووبدات ئه‌گه‌ر جیاوازی زۆر له‌نێوان ژماردنی ئه‌لیكترۆنی و ژماردنی ده‌ستی ده‌نگه‌كان نه‌بێت له‌و وێستگانه‌ی كه‌ تانه‌یان لێ دراوه‌.


 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.