سەرۆکی ڕەوتی سەدر ڕایدەگەینێت ڕاگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پاک و بێگەردی پڕۆسەکە دەردەخات.
ئەمڕۆ شەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2021، موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر کە براوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پێشوازی لە ڕاگەیاندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەهەڵبژاردنی عێراق کرد.
سەدر لە تویتەکەیدا ڕایگەیاند: ڕاگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نیشانەی پاک و بێگەردی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنە، ھەروەھا دیمەنی جوانی دیموکراسی لە وڵات نیشان دەدات، هەروەها ملکەچبوونی ئەو لایەنانە دەردەخات کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ساختەکاری لەو پڕۆسە دیموکراتییە ئەنجامدراوە.
هەروەها ڕاشیگەیاند: جێی شەرمە کە لەلایەن هەندێک لایەنەوە هەوڵی دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی و تێکدانی ئاشتی و ئارامی وڵات دەدرێت بە بیانووی ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
سەدر لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی ڕایگەیاندووە: پێویستە کۆمسیۆن لە ڕەوشێکی ئارامدا کاروبارەکانی خۆی سەبارەت بە پشکنینی تانەکان جێبەجێ بکات، دەشڵێت: پێویستە هەموو لایەنەکانی عێراق باوەڕ بە ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی بهێنن کە ئەوەش دەبێتە مایەی بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری بۆ عێراق و گەلەکەی.
جێی باسە، دوێنێ هەینی 22ـی تشرینی یەکەمی 2021، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی خۆی بۆ ڕاگەیاندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.