وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بەشێک لەو ھۆشدارییانەی کە لە ساڵی 2014ەوە و لەکاتی شەڕی دژبە داعش، لەلایەن کارگێڕیی فڕۆکەوانی فیدراڵیی ئەمریکا (FAA) بەسەر ئاسمانیی عێراقدا سەپێندرابوون، ھەڵوەشێندراونەتەوە.
بەڕێوەبەری بەشی بەڕێوەبردنی جموجۆڵی ئاسمانیی سەربە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، جاسم عەبد عەلی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دوای جێبەجێکردنی رێنمایی و راسپاردەکانی وەزیری گواستنەوە، ناسر شبلی بە ھەماھەنگی لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و خستنەگەڕی ھەوڵێکی زۆر بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە ئاسمانییەکان ھەورەھا چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ رێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنیی نێودەوڵەتی (ئایکاو) و کۆمەڵەی گواستنەوەی ئاسمانیی (ئایاتا) بەشێک لەو ھۆشدارییانەی کە لە ساڵی 2014ەوە و لەکاتی شەڕ دژبە داعش بەسەر ئاسمانیی عێراقدا سەپێندرابوون، ھەڵوەشێندراونەتەوە.
جاسم عەبد عەلی راشیگەیاندووە ھەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە ھۆشدارییەکانی سەر ئاسمانیی عێراق، ھەنگاوێکی ئەرێنییە و دەبێتە ھۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو فڕۆکانەی کە لە گەشتی ئاسمانییدا، ئاسمانیی عێراق بەکاردەھێنن، جگە لەوەیش کاریگەریی لەسەر بوژانەوەی ئابووریی وڵاتدا، دەبێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە کارگێڕیی فڕۆکەوانی فیدراڵیی ئەمریکا بەشێک لەو ھۆشدارییانەی کە بەھۆی شەڕەکانی دژبە داعشەوە بەسەر ئاسمانیی عێراقدا سەپاندبوو، ھەڵوەشاندووەتەوە و ھاتووە: "پێشتر کارگێڕیی فڕۆکەوانی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ ماوەی ھەشت ساڵ ئاسمانیی عێراقی بە ئاسمانێکی نائارام و مەترسیدار بۆ فڕۆکەکانی ئەمریکا دانابوو، بەڵام ئێستا رایگەیاندووە کە بە بەرزی 32 ھەزار پێ ، ئاسمانیی عێراق ئارامە و دەکرێت کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بەکاری بھێنن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.