به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ئاشكرای كرد، تا ئێستا هیچ زانیارییه‌كیان له‌سه‌ر كۆڕۆنا گۆڕاوه نوێیه‌كه‌ی ڕووسیا نییه.
ڕیاز عه‌بدولئه‌میر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ڕایگه‌یاند: ئێمه زانیاریی له ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی وه‌رده‌گرین و تا ئێستاش ڕێكخراوه‌كه هیچ زانیارییه‌كی له‌سه‌ر كۆڕۆنا گۆڕاوه نوێیه‌كه‌ی ڕووسیا بڵاو نه‌كردۆته‌وه.
ڕاشیگه‌یاند: باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆڕۆنا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بریتییه له خۆپارێزی و وه‌رگرتنی ڤاكسین.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: زاناكان بۆچوونیان وایه كۆتاهاتنی كۆڕۆنا نزیك نییه و بێگومان جۆره گۆڕاوه‌كانیشی به‌رده‌وام ده‌بن، هه‌روه‌ها ئێستا ناتوانین مه‌ترسیداری و لاوازی جۆره گۆڕاوه‌كه‌ی كۆڕۆنای ڕووسیا دیاری بكه‌ین، چونكه هیچ زانیارییه‌ك له‌مباره‌یه‌وه به‌رده‌ست نین.
ڕیاز عه‌بدولئه‌میر جه‌ختیشی كرده‌وه كه ئێستا ناتوانن بڕیار بده‌ن له وه‌رگرتنی ژه‌مه ڤاكسینی سێیه‌می كۆڕۆنا، چونكه تا ئێستا له ته‌واوی عێراق 22%ی خه‌ڵك ڤاكسینیان وه‌رگرتووه، بێگومان ده‌بێت ئه‌م ڕێژه‌یه بۆ 60% به‌رز بێته‌وه ئینجا بیر له ژه‌مه ڤاكسینی سێیه‌م بكه‌نه‌وه.
جێی باسه ڕووسیا دوێنێ پێنجشه‌م چه‌ند بڕیارێكی نوێی قه‌ده‌غه‌كردنه‌كان له پایته‌خت بڵاو كرده‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌ك ڕێگرییه‌ك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسه گۆڕاوه‌كه كه به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان مه‌ترسیدار و به‌هێزتره له جۆره‌كانی تری كۆڕۆنا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.