بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان 120 هەزار و 126 ئاوارە لە سەرانسەری عێراق لە شوێنی مانەوەیان مافی دەنگدانیان هەیە کە زیاتر لە 117 هەزاریان لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندان.
هاوشانی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت کە هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی و پێشمەرگە تیایدا مافی دەنگدانیان هەیە، ئەمڕۆ هەشتی تشرینی یەکەم پرۆسەی دەنگدانی ئاوارەکانیش لە سەرانسەری عێراق دەستی پێکرد.
بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان کە پشتی بە داتای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بەستووە لە سەرانسەری عێراق 120 هەزار و 126 ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە لەو شارانەی وەک ئاوارە تیایدا دەمێننەوە،کە زیاتر لە 117 هەزاریان لە هەرێمی کوردستان لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی ماونەتەوە، لە سەرانسەری عێراق 28کەمپی ئاوارەکان هەن و 26یان لە هەرێمی کوردستاندان.
بۆ ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان لە کەمپەکاندا نیشتەجێن 60 بنکەی دەنگدان کراونەتەوە، 31 بنکەیان لە دهۆک، 20 بنکە لە هەولێر و نۆ بنکەشیان لە سلێمانییە.
پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە عێراق بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی یەکشەممە 10ی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات، بەپێی داتای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان لە سەرانسەری عێراق 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیە 14 ملیۆن و 316 هەزار و 237 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 486 هەزار و 787 کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 941 هەزار و306 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش بووە.
لە هەولێر یەک ملیۆن و238هەزار و379 کەس مافی دەنگدانی هەیە و 577 هەزار و 597 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە سلێمانی یەک ملیۆن و 425 هەزار و705 کەس مافی دەنگدانی هەیە و 842 هەزار و 980 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە پارێزگای دهۆکیش 822 هەزار و 703 کەس مافی دەنگدانی هەیە و 520 هەزار و 729 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
بە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، هەولێر و سلێمانی و دهۆک 44 کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، 18 کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی هەڵبژاردن دابەش بووە، 15 کورسی هەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و 11 کورسی دهۆکیش بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە هەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دهۆکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.