Erbil 14°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 12:32

هەولێر.. رێژەی بەشدارییکردنی دەنگدەران روو لە زیادبوونە

کوردستان TV
100%

دوای کاتژمێر و نیوێک لە دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بە ھێزە ئەمنییەکان و دەزگاکانی ئاسایش و ئاوارەکان، رێژەی بەشدارییکردنی دەنگدەران روو لە زیادبوونە و پڕۆسەکەش بە رێنماییە تەندروستییەکان بەڕێوەدەچێت.

کاتژمێر 7ی بەرەبەیان بنکەکانی دەنگدان بەرووی دەنگدەرە تایبەتەکان دا کرایەوە و بۆ ئەم مەبەستەش ھێزە ئەمنییەکان، دەزگاکانی ئاسایش، بەندییەکان و بەشێک لە نەخۆشی نەخۆشخانەکان بەشداری پڕۆسەکە دەکەن.

لە ھەولێر دوو بنکە بۆ رووماڵی راگەیاندنەکان دەستنیشانکراوە کە ھەریەک لە قوتابخانەی پزداندوخت لە شارۆچکەی عەنکاوە بۆ ھێزە ئەمنییەکان و قوتابخانەی 11ی ئەیلوول لە گەڕەکی شۆڕش بۆ ئاوارەکان.

لە ساتەکانی بەرەبەیان دا، بەشدارییکردنی دەنگدەران سست بوو، بەڵام دوای کاتژمێر و نیوێک لە تێپەڕبوونی پڕۆسەکە، رێژەی بەشدارییکردن لە قوتابخانەی پزداندوخت لە شارۆچکەی عەنکاوە کە تایبەتە بە ھێزە ئەمنییەکان، رووی لە زیادبوون کرد و دەنگدەران نۆرەیان لە پێش بنکە و وێستگەکانی ژوورەوە دا گرتووە.

پڕۆسەکە بە رێنماییە تەندروستییەکان بەڕێوەدەچێت و، ھەر دەنگدەرێک بەر لە چوونە ژوورەوەی دەبێت دەستەکانی بە ماددەی پاککەرەوە پاکبکاتەوە و ماسکی بەستابێت، ھاوکات بردنە ژوورەوەی مۆبایلیش قەدەغەیە.

جێی ئاماژەیە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە سەرانسەری عێراق 595بنکەی دەنگدان کراوەتەوە و 121 بنکەیان لە ھەرێمی کوردستانە لەو ژمارەیەش، 52 بنکەیان لە ھەولێر، 41 بنکە لە سلێمانی و 28 بنکەش لە دھۆکە.

پرۆسەکە ئەمڕۆ تەنیا بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پێشمەرگە، سوپای عێراق و ھەموو کارمەندەکانی سەرجەرم ھێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانە دەبێت کە لە رۆژی دەنگدانی گشتی ئەرکی پاریزگاری ھاووڵاتیان و بەرێوەچوونی پرۆسەکەیان لەسەر شان دەبێت.

لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و75 ھەزار و 727 کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان ھەیە، 120 ھەزار و 126 ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە، لە گرتووخانەکانیش 671 کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.

بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، لە عێراقدا 24 ملیۆن و 907 ھەزار و 679 کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە 14 ملیۆن و 316 ھەزار و 237 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 486 ھەزار و 787 کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 941 ھەزار و 306 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بووە.

لە ھەولێر یەک ملیۆن و 238 ھەزار و 379 کەس مافی دەنگدانی ھەیە و 577 ھەزار و 597 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە سلێمانی یەک ملیۆن و 425 ھەزار و 705 کەس مافی دەنگدانی ھەیە و 842 ھەزار و 980 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە پارێزگای دھۆکیش 822 ھەزار و703 کەس مافی دەنگدانی ھەیە و 520 ھەزار و 729 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

بە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان، ھەولێر، سلێمانی و دھۆک 44 کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، 18 کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بووە، 15 کورسی ھەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و 11 کورسی دھۆکیش بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دھۆکە.

لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و 240 بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی 21 ھاوپەیمانی و 109 لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق.

پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و 249 کەس بوون بەڵام یەکێکیان گیانە لەدەستدا و کۆمسیۆنیش بە تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دوورخستەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.