Erbil 9°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 08:22

مه‌سرور بارزانی: ره‌زامه‌ندیمان له‌سه‌ر 16 ملیار دینار داوه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی 19 پڕۆژه‌ له‌ گه‌رمیان

هەرچی بکەین بۆ گەرمیان کەمە و شایستەی خزمەتی زیاترە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کردنەوەی سایلۆی کەلار سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و لەگەڵ کاربەدەست و بەرپرسانی ئیدارەکە کۆبووەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی سایلۆی کەلار گوتارێکی پێشکەش کرد و لە گوتارەکەیدا ستایشی گەرمیان و خەڵکی ئیدارەکەی کرد لە بەرامبەر ئەو قوربانی و شەهیدانەی کە لە پێناو کوردستان داویەتی و ڕایگەیاند، ئەرکی هەموومانە خزمەتی بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان بکەین و ئەرکی حکوومەتیشە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو شوێنێک بکات.

هەروەها گوتی: ئێمە خۆمان بە قەرزاری گەرمیان دەزانین و هەرچی بکەین بۆ گەرمیان کەمە و شایستەی خزمەتی زیاترە، گوتیشی، لەدانیشتنم لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەکە کۆمەڵێک داواکاری خرایە ڕوو، کە داواکاری بنەڕەتی بوون، بۆ من جێی پرسیاربوو کە بۆچی تاوەکوو ئێستا ئەم خزمەتگوزارییانە لەم دەڤەرەدا جێبەجێ نەکراون.

مەسرور بارزانی گوتی، لەسەرەتای دروستبوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆرمان بە ئیدارەی گەرمیان داوە و 126 ملیار دینارمان تەرخانکردووە بۆ پڕۆژەکانی دەڤەرەکە، هه‌روه‌ها گوتیشی، ڕەزامەندیمان لەسەر 16 ملیار دینار داوە بۆ جێبەجێکردنی 19 پڕۆژە له‌ سنووری ئیداره‌كه‌.

مەسرور بارزانی سەبارەت بە کردنەوەی سایلۆی کەلار گوتی: بەرنامەی حکوومەت گرنگیدانە بە هەموو کەرتەکان بۆ پێشکەوتنی ژێرخانی ئابووری، گوتیشی : بە پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵ کەرتەکانی دیکەش پێش دەکەون.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمجارەی عێراق داوای لە خەڵکی دەڤەرەکە و هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد دەنگ بە کانددێک بدەن کە داکۆکی لە مافەکانی هاووڵاتییان بکات و کار بکات بۆ جێبەجێکردنی دەستوور کە یەکێک لە خاڵەکان قەرەبووکردنەوەی قوربانیان ئەنفالە، هەروەها جێبەجێکردنی ماددەی 140 گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان.

هەروەها گوتیشی: دەنگ بدەن بە کەسانێک کە خەمخۆری ڕاستەقینەی کوردستانن و توانای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان هەیە.

مەسرور بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش كرد، ناکرێ هیچ بەشێک لە کوردستان بمێنێتەوە لە دەرەوەى دەسەڵاتى حکومەتى هەرێم کار بکات، بەتایبەتى خاڵە سنوورییەکان، ئێمە دەمانەوێ یاسا بەسەر هەموو کوردستاندا بچەسپێنرێ، ئەوە خۆسەپاندن نییە، هه‌روه‌ها گوتیشی پێویسته‌ داهاتی خاڵه‌ سنوورییه‌كان بۆ هاووڵاتییان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.