ئەمڕۆ پێنجشەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی جێنیفەر گاڤیتۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاوتوێ کرا.
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بە پێگەی گرینگ و تایبەتی هەرێمی کوردستان دا کە ئەمەریکا بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ هەرێم دەڕوانێت و سەردانەکەشی بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی ئەمەریکایە لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی ئەمەریکای لە هەرێم کرد و کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری خستەڕوو.
هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دایەلۆگی ستراتیجی عێراق و ئەمەریکا و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.