نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەم، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر بە یاوەرى بەشێک لە ئەندازیاران و ژمارەیەک لە بەرپرسان، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆژەکان، پڕۆژەى دروستكردن و قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنى چهند شهقام و كۆڵانێكى له کۆمەڵگاى پیرزین بەسەرکردەوە.
پارێزگارى هەولێر لە بەسەرکردنەوەکەیدا لە نزیکەوە لەگەڵ ئهندازیاران و تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و پێداویستییەکانی کۆڵییەوە و بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن گوتى: لە کۆمەڵگاى پیرزین چەند پڕۆژەیەکمان بەسەرکردەوە کە یەکێکە لەو جێگایانەیە پێویستى بەوە هەیە خزمەتى زیاترى بکرێت.
ههروهها ڕایگهیاند: لەگەڵ دەستپێکردنەوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و ئەوانەشى کە لە ڕێگەى وەزارەتەکانەوە جێبەجێدەکرێت، لەسەر بودجەى پارێزگاى هەولێر بە گوژمەیەى نزیکەى (500) ملیۆن دینار دەستمان بە چەند پڕۆژەیەک کردووە لە کۆمەڵگاى پیرزین لەوانە دروستكردن و قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنى چهند شهقام و كۆڵانێك کە بەشێک لەو کارانە تەواو کراون و بەشێکیشیان کاریان تێدا دەکرێت.
پارێزگارى هەولێر هەروەها تەئکیدى لەسەر ئەوە کردەوە کە لەسەر ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەموو هەوڵەکانیان خستۆتەگەڕ بۆ ئەنجامدانى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە تایبەتى بۆ ئەو شوێنانەى کە لە ڕابردوودا کەمترین دەستى خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە یان نەتوانراوە وەک پێویست خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانیان پێ بگات.
ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: دڵنییاى بە هاووڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان دەدەین وهكو پارێزگاى ههولێر ویستى زیاترمان ههیه بۆ گەیاندن و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى له ههموو سێكتهرهكان، هیوادارین له داهاتوویهكى نزیكدا بتوانین تهواوى خواست و داواكاریى هاووڵاتییانى سنوورى پارێزگاكهمان جێبهجێ بكهین كه شایهن و شایستهى ئهوهن خزمهتى زیاتر و باشتریان پێشكهش بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.