وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی حكوومهتی ههرێمی كوردستان داوای له زانكۆكان كرد بۆ ئهمساڵی خوێندن به ڕهچاوكردنی كوالێتی، زۆرترین دهرفهتی خوێندنی گشتی بۆ قوتابییانی قۆناغی 12 بڕهخسێنن.
ئەمڕۆ دووشەم بە سەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت، کۆبونەوەى لێژنەى باڵاى وەرگرتن بە بەشداریی نوێنەرى سەرجەم زانکۆ حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا پلان و بەرنامەکانى وەزارەت تایبەت بە وەرگرتنى قوتابییان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) گفتوگۆى لەبارەوە کرا، هەروەک چەند بابەتێکى گرینگ و پەیوەست بە شێوازى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان خرایەڕوو و بەرنامەى پێویستیان لەبارەوە بۆ دانرا.
سەرەتا وەزیرى خوێندنى باڵا باسێکى لەبارەى سیاسەت و کارنامەى وەزارەت و دامهزراوهكانی خوێندنى باڵا بە شێوەیەکى گشتى پێشکەش کرد و دووپاتی کردەوە ئامانج لەم کۆبوونەوەیە دانانى میکانیزم و پلانى وەرگرتنە بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک پلانەکان هاوتەریب بێت بۆ سوودى دەرچووان و پێداویستییەکانى بازاڕى کار.
بۆ ئەم مهبهسته گوتى: بۆ یەکەمجار لە مێژووى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان لەماوەى دوو ساڵى ڕابردوو توانیمان زۆرترین ڕێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووانى 12ی ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان بکەین و هەلى گونجاوى خوێندن لە زانکۆ حکوومییەکان بۆ دەرچووان بڕەخسێنین.
د. ئارام محمد قادر دووپاتیشی کردەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕەچاوکردنى کواڵتى خوێندن و لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، بۆ ئەمەش بە زانکۆکانى ڕاگەیاند: بە ڕەچاوکردنى کوالێتى، ئهمساڵ زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووانى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان بڕەخسێنن، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەت هاوکار و پاڵپشتى زانکۆکان دەبێت.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا لەلایەن بەڕێوهبەرایەتیى گشتیى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى تۆمارى گشتیى زانکۆکان، گفتوگۆ لەبارەى شێواز و بابەتەکانى تایبەت بە پلانى وەرگرتن بۆ ساڵى نوێى خوێندن 2021-2022 کراو بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.