سەرۆکی ئەنجوومەنی عێراق، محەمەد حەلبوسی و هاوتا ئیماراتییەکەی، سەقر غەیاش تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەشیان کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، محەمەد حەلبوسی کە بە سەردانێکی فەرمی لە ئەبو زەبییە، لەگەڵ سەقر غەیاش کۆبووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی دیدارەکەدا حەلبوسی وغەیاش تاوتوێی پەیوەندیی پەرلەمانی نێوان عێراق و ئیمارات و هاریکاری نێوان هەردوو وڵاتیان لە سەرجەم بوارەکاندا کردووە.
محەمەد حەلبوسی جەختی لەسەر گرنگی پەیوەندی و گفتوگۆ لەسەر ئاستی پەرلەمان و کاراکردنی لیژنەکانی هاوڕێیەتی و رۆڵی دیپلۆماتی پەرلەمانی لە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتدا کردووەتەوە.
لای خۆیەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئیمارات، جەختی لەسەر هەوڵی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و پشتیوانی لە پتەوکردنی هاوبەشی و هاریکاری ئابووری و هەموو ئەو بوارانەی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق بەدی دێنن، کردووەتەوە.
جێی ئاماژەیە، ئێوارەی رۆژی شەممە، سەرۆکی ئەنجوومەنی عێراق، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکایەتی شاندێکی پەرلەمانیی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیمارات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.