ئەمڕۆ یەکشەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەد مووش وەزیری بازرگانیی تورکیا و شاندی یاوەری کرد و دواتر لەگەڵ شاندی باڵای بازرگانیی تورکیا کە لە ژمارەیەک بازرگان و وەبەرهێنەری تورکیا پێکهاتبوو، کۆبووەوە.
لە کۆبووەنەوەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرینگی پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا کرد کە دراوسێیەکی گرینگیی هەرێمی کوردستان و عێراقە و دەروازەی هەرێمە بەرەو ئەوروپا و جیهان و هاتنی ئەم شاندە بازرگانییە گەورەیە، گوڕوتینێکی زیاتر بە پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەدات.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیی ھەمەلایەنەیە لە گەڵ تورکیا لە سەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش.
سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕوونی کردەوە کە حکوومەتی هەرێم گرینگییەکی زۆر بە پڕۆسەی وەبەرهێنان دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش هەر کارئاسانییەک پێویست بێت دەیکات بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی و برەودان بە پڕۆسەی سەرمایەگوزاریی و بازرگانی .
وەزیری بازرگانیی تورکیا خواستی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە سەر هەموو ئاستەکان دەربڕی بە تایبەتی لە بواری جموجۆڵی بازرگانیی و وەبەرهێناندا.
هیواشی خواست کە ئاستی بازرگانی و سەرمایەگوزاری لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا بەرفراوانتر بێت .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.