Erbil 27°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 22:18

عێراق .. کاروانێکی هاوپه‌یمانان به‌ بۆمبی چێنراو کرایه‌ ئامانج

کوردستان TV
100%

کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی هاوپەیمانان بە بۆمبی چێنراو کرایە ئامانج.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق ئاشكرایكرد، بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکدا له‌ باشووری عێراق ته‌قیووه‌ته‌وه‌، كه‌ کەلوپەلی لۆجستی بۆ ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکای ده‌گواسته‌وه‌.

ئەم هێرشە بە چەند کاتژمێرێک دوای ئەو هێرشە دێت کە شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب لە پۆلیسی پارێزگای موسەننا  به‌میدیاكانی راگەیاند "بۆمبێک کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لەسەر رێگای خێرای پارێزگای موسەننا چێنرابوو، بە کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی بۆ ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتییدا، تەقییەوە".

ئەفسەرەکە  راشیده‌گه‌ێنێت، تەقینەوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە و لایەنە پەیوەندارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەکان کردووە.

تا ئێستا ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش و سوپای عێراق ھیچ راگەیه‌ندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە و ھیچ لایەنێکیش بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیە رانەگەیاندووە.

لە میانی چەند مانگی رابردووەوە تا ئێستا چەندینجار کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا لە چەند پارێزگایەکی عێراق لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج.

دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ رێکەوتنی واشنتۆن و بەغدا لەسەر کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2021.

ئەمریکا گرووپە چەکداره‌کانی نزیک لە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە تۆمەتبار دەکات.
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.