Erbil 5°C پێنجشەممە 02 کانوونی دووەم 22:56

بۆ ئه‌مساڵ ڕێژه‌ی به‌شداریکردنی مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێن دیاری کرا

کوردستان TV
100%

حكوومه‌تی عێراق ڕێژه‌ی ڕێگه‌پێدراوی به‌شداریكه‌رانی مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێنی به‌ 40 هه‌زار كه‌س دیاری كرد كه‌ زۆربه‌یان له‌ وڵاتی ئێران ده‌بن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی ڕاپۆرتێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا توانای عێراقی له‌ سه‌ردانیكه‌رانی مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێنی دیاری كرد.

لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی عێراق ڕاشیگه‌یاند كه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م سه‌ردانیكه‌رانی مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ بێنه‌ نێو خاكی عێراق و ده‌شبێت هه‌ر سه‌ردانیكه‌رێك پشكنینی (پی سی ئاڕ)ی تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنای هه‌بێت و 72 كاتژمێر به‌سه‌ردا تێپه‌ڕ نه‌بووبێت.

لیژنه‌كه‌ ئاشكراشی كرد، بۆ ئه‌مساڵ هه‌ردوو شاری نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لای عێراق له‌ توانایدایه‌ 40 هه‌زار سه‌ردانیكه‌ر له‌خۆ بگرێ كه‌ 30 هه‌زاریان له‌ ئێران و 10 هه‌زاری تریشیان له‌ ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و وڵاتی تره‌وه‌ ده‌بێت.

حكوومه‌تی عێراق پێشتر ڕایگه‌یاندبوو، بۆ ئه‌مساڵ پشكنینی وردی ته‌ندروستی بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن وه‌ك سه‌ردانیكه‌ر دێنه‌ عێراقه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن وه‌ك ڕێگرییه‌ك بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری په‌تای ڤایرۆسی كۆڕۆنا.

چله‌ی ئیمام حوسێن ده‌كه‌وێته‌ 40 ڕۆژ دوای ڕێكه‌وتی 10ی موحه‌ره‌م، كه‌ له‌ ساڵی 61 كۆچی (680ی زاینی) دوای كوشتنی ئیمام حوسێن له‌سه‌ر ده‌ستی سوپای یزیدی كوڕی موعاویه‌ی خه‌لیفه‌ی ئه‌مه‌وییه‌كان ئه‌نجامدراوه‌ و تا ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و ساڵانه‌ له‌و ڕۆژه‌ شیعه‌كان شیوه‌ن و ماته‌م ده‌گێڕن، له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیایش ڕوو له‌ كه‌ربه‌لا ده‌كه‌ن كه‌ گۆڕی ئیمام حوسێنی لێیه‌.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.