Erbil 29°C ھەینی 27 ئەیلوول 22:25

کەمکردنه‌وه‌ی مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلە تایبەت چووە واری جێبەجێکردنەوە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین ئاشكرای دەكات لەو مانگەوە مووچەی خانەنشینی پلەتایبەت و پەرلەمانتاران كەم كراوه‌ته‌وه‌ .

حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، بە باسنیوز-ی ڕاگەیاندووه‌ كه‌ ئەو بڕگەیەی لە یاسای چاكسازی كە پەیوەندیی بە مووچەی خانەنشینی پلە تایبەتەكانەوە هەیە، لەم مانگەوە چووەتە واری جێبەجێكرنەوە و مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلەتایبەت كەم كرایەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هه‌رێمی كوردستان زیاتر گوتیشی: بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی كە تەنیا خزمەتی چوار ساڵیان هەبووە، مووچەكەیان كرایە ملیۆنێك و 822 هەزار دینار، پێشووتر 6 ملیۆن 560 هەزار  دیناریان وەردەگرت، بەشی زۆریان بەم شێوەیە دەبێت، ژمارەیەكیش هەیە لەسەرووی دوو ملیۆن دینار وەردەگرن، چەند پەرلەمانتارێكیش زیاتر لەو بڕە وەردەگرن.

بەپێی قسەكانی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی: بە گشتی زۆربەی پەرلەمانتارە خانەنشینەكان بەراورد بە پێشووتر هەر یەكەیان بڕی 4 ملیۆن و 738 هەزار دیناریان لێ كەم دەبێتەوە.

حازم گۆران گوتیشی: بە گشتی زیاتر لە 300 پەرلەمانتار خانەنشینی وەردەگرن، مووچەی هەمووان بەپێێ یاسا كەم كرایەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی روونی كردەوە، بۆ خانەنشینیی پلە تایبەتەكانی وەكوو وەزیر و بریكاری وەزیر و بەرێوەبەری گشتی و هاوشێوەكانیشیان، چاكسازی لە مووچەكانیاندا كراوە، گوتیشی: ئەگەر وەزیرێك خزمەتی نەبێـت، بەپێی چوار ساڵی خزمەتی وەزیری، خانەنشین دەكرێت، بەڵام بریكاری وەزیر و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی، لەسەر ئەو بنەمایە خانەنشین دەكرێن كە دەبێ 45 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ خزمەتیان هەبێت، ئەوكات نابێـت مووچەی خانەنشینی لە 60%ی كۆی مووچە و دەرماڵەی تێپەڕ بكات.

بەپێی یاسای چاكسازی، وەزیری خانەنشینكراو 50%ی كۆی مووچە و دەرماڵەكانیان پێ دەدرێت، پێشتر 80% بووە.

حازم گۆران جەختیشی كردەوە، ئەوانەی راسپێردراون بە خزمەتی گشتی لە ئەنجوومەنی پارێزگاكان و وەزیر و ئەندامی پەرلەمان و سەرۆكی و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەكەی، لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی، نابێ خانەنشینیان لە 50%ی مووچە تێپەڕ بكات.

بەرپرسەكەی خانەنشین دووپاتی كردەوە، هەر كەس بە پلەی بەرزتر لە پلەی خۆی خانەشین كرابێت، پلەكەی لێ وەردەگیرێتەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.