Erbil 37°C ھەینی 27 ئەیلوول 16:27

ئەمریکا بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی فرۆکەخانەی کابوڵ لەگەڵ تورکیا و قەتەر کاردەکات

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن، ئاشکرایکرد بە مەبەستی سەرلەنوێ کردنەوەی فرۆکەخانەی حامید کارزایی بەزووترین کات، لە نزیکەوە لەگەڵ تورکیا و قەتەر کاردەکەن.

بڵینکن، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ ھەڵسەنگاندنی پرسی ئەفغانستان لە باڵەخانەى وەزارەتی دەرەوەى ئەمریكا ئەنجامدا.

بڵینکن، ئاماژەی بەوە کرد کە کارەکانی نوێنەرایەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان، لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەردەوامە و ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا سەردانی دۆحە دەکات و چاوی دەکەوێت بەو ئەفغانییانەی کە بۆ ئەو شوێنە گوازراونەتەوە.

ئانتۆنی بڵینکن، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە پاش دۆحە سەردانی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەکات و لەوێ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی 20 وڵات کۆبوونەوەیەک لەسەر پرسی ئەفغانستان ئەنجامدەدەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن، ئاماژەی بەوە کرد کە سەبارەت بەو ھاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە لە ئەفغانستان ماون لەگەڵ تاڵیبان لەسەر خەتن و رایگەیاند، زۆر گرنگە تاڵیبان پابەندی بەڵێنەکانی بێت لەسەر رێگەدان بەو کەسانەی کە دەیانەوێت وڵاتەکە جێبھێڵن.

ئانتۆنی بڵینکن، گوتیشی: "لەگەڵ ھاوبەشەکانمان قەتەر و تورکیا، لە نزیکەوە کاردەکەین بۆ خستنەوەسەرپێی پایتەختەکە و سەرلەنوێ کردنەوەی فرۆکەخانەی حامید کارزایی بەزووترین کات".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ جۆزێف بۆرێل نوێنەری باڵای پەیوەندییەکانی دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش-ی یەکێتی ئەورووپا، ، ئاماژەی بەوە کرد کە دان بە تاڵیبان نانێن، بەڵام لە چەند پێوەرێکی دیاریکراودا پەیویەندییان لەگەڵ درووستدەکەن.

بۆرێل، لەمیانی ئەو لێدوانەی کە لە کۆبوونەوەی نافەرمیی وەزیرانی دەرەوە ئەنجامیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە وەزیرەکان ھاوڕان لەسەر پابەندبوون بە پاڵپشتیکردنی خەڵکی ئەفغانستان و گوتی: "بۆ پاڵپشتیکردنی خەڵکی ئەفغانستان، پێویست بە رێککەوتن دەکات لەگەڵ ئەو حکوومەتە نوێیەی کە لە ئەفغانستان پێکدەھێندرێت. ئەمە بە مانای ناساندن نایات، پەیوەندییەکی ئۆپەراسیۆنییە. بە گوێرەی ھەڵسوکەوتی حکوومەتەکە پەرە دەسەنێت".

جۆزێف بۆرێل، ئەوەی راگەیاند کە مەرجی ئەوەیان بۆ تاڵیبان داناوە کە تیرۆر ھەناردەی وڵاتانی دیکە نەکات، رێز لە سەروەریی یاسا و ئازادی رۆژنامەگەری بگرێت، ئاسانکاری بۆ گەیشتنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ وڵاتەكە بکات، رێگە بدات بەو ھاووڵاتییە بیانییانەی کە لە وڵاتەکەن و ئەو ئەفغانستییانەی کە لە ژێر مەترسیدان و دەیانەوێت وڵاتەکە جێبھێڵن و لە رێگەی دانووستان لە نێوان ھێزە سیاسییەکانی ئەفغانستان حکوومەتێکی گشتگیر پێکبھێندرێت و گوتی:"بە گوێرەی پێنج پێوەر ھەڵسەنگاندن بۆ ھەڵسوکەوتەکانی تاڵیبان دەکەین. ھەندێکیان دەڵێن 'بەڵام تاڵیبان ئەمانە بەجێ ناگەیەنێت'. با ببینین. پەیوەندی ئێمە بەم مەرجانەوە دەبەسترێت".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.