Erbil 37°C ھەینی 27 ئەیلوول 12:37

پارتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی له‌ شه‌قڵاوه‌ ده‌ستیپێکرد

پارتی دەیەوێت لە بەغدا لەپاڵ یەکڕیزیی لایەنەکاندا کوتلەیەکی بەهێزی هەبێت
کوردستان TV
100%

لە میانەی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە شەقڵاوە، فازڵ میرانی گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: ''دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوول تەنیا بۆ کورد نەبوو وەک ئۆتۆنۆمی، بەڵکوو دیموکراتییەتیش بوو بۆ عێراق، شۆڕشی ئەیلوول جێی متمانەی سەرجەم گەلی کوردستان بوو، بیرۆکەی فیدراڵییەتیش بۆ عێراق، لە ئەجێندای ئەو شۆڕشەدا بوو، ئەو فیدراڵییەتەی ساڵی 2005یش بۆ ئەم وڵاتە چەسپا، بەرهەمی ئەو شۆڕشەی پارتی بوو.''

فازڵ میرانی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە بەرپرسیارێتیی گەورەی لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و بواری دیکەدا گرتووەتە ئەستۆی خۆی؛ چ دوێنێ و چ ئەمڕۆ، هاوکات بۆ داهاتووش. میرانی پێی باش بوو بە شێوەیەکی دادوەرانە بەراوردی ساڵانی 92 تا ئێستا بکرێت و تەنیا لایەنە نەرێنییەکان تەماشا نەکرێن، بەڵکوو لایەنە باشەکانیش لەبەرچاو بگیرێن.

سەبارەت بە پاراستنی ئەو قەوارەیەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، میرانی پێی وایە ئەرکی هەموو لایەنێکە ئەم دەستکەوتانە بپارێزن، ئەگەر تا دوێنێ بەتەنیا ئەرکی پارتی بووە. گوتیشی، لە هەر قۆناغێک لایەنێک لەو بەرپرسیارێتییە بکشێتەوە، مانای وا نییە، کە پارتی ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵنەگرێتەوە. جەختیشی کردەوە، کە ئەرکی ئەوانیش دەخەنە سەر شانی خۆیان، بەو پێیەی ئەوە مێژووی پارتییە کە فەرزی کردووەتە سەریان لە هەموو هەوراز و نشێوێک، ئەرکی گەلی کوردستان بگرنە ئەستۆیان.

فازڵ میرانی ڕوونی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان، قوتابخانەیەکە بۆ ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن، ئەوان لە پاڵ پێشاندانی سەروەرییەکانیان، بە هەڵەکانیشیاندا دەچنەوە.

باسی لەوەش کرد کە ئێستا وەک ساڵانی خەباتی شاخ و شەڕی چەکداری نەماوە، بەڵام وەک پارتی لە شەڕی سیاسەت و حوکمڕانی و هەڵبژاردندان و، پێی وابوو، لەو شەڕەشدا دەکرێت بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و زانینی تاکەکانی گەلی کوردستان و، پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی ڕا و بۆچوون سەرکەوتوو بن.

ئاماژەی بەوەش دا کە ڕێباز و قوتابخانەی پارتی و بارزانی بە جۆرێک ئەندام و سەرکردەکانی پەروەردە کردووە، گەر لایەنێکی دیکە لەو کاتەدا هەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ پارتیدا بکات، ئەوان وەک پارتی ناچنە ئەو ئاستە و خۆڕاگر دەبن، چونکە گەر وەڵامی قسە و کرداری خراپ بدەنەوە، ئەوا جیاوازیی ئەمان و ئەوان نامێنێت، بۆیە هەمیشە پێگە و سەنگی پارتی لە سەرەوەدایە، چونکە ئەندامان و کادیرانی پارتی هەمیشە پابەندی ڕەوشت و تەعلیماتەکانی حیزبن.

لەسەر هەڵبژاردنیش، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێ ئەندامان و لایەنگرانی پارتی، لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن هەوڵ و کۆشش بۆ سەرخستنی ئەندامی نێو بازنەکەیان بدەن، چونکە دەرچوونی کاندیدی بازنەکەی پارتی، سەرکەوتنی هەموو خەڵکە و، گوتیشی: "ئەرکی ئەندام و لایەنگر و پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان و بەرپرسانی ئێمە ئەوەیە کە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، هەندێک هەن لەوەیە بڵێن ئەگەر نەچم دەنگیش بدەم، ئەوا پارتی هەر دەردەچێت، ئەوە هەڵەیە و تۆ ساڵانێکە ڕەنجت بۆ پارتی داوە، پێویستە بڕۆن و دەنگی خۆیان بە پارتی بدەن، لەپێناو بەدەستهێنانی کورسیی زیاتر، دەتەوێ ئاڵای پارتی شەکاوە بێت، دەبێ بڕۆیە سەر سندووقی دەنگدان.

سەبارەت بە کاندیدەکانی پارتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لەوە کردەوە کە کەسانی لێهاتوویان کاندید کردووە، چونکە شەڕی ئێستا شەڕی زانینە؛ نموونەیشی بەوە هێنایەوە کە کەسێک نەتوانێ چەکێک بەکار بێنێت و بیدرێتێ، وەک ئەوەیە دارێکت دابێتە دەستی، بەڵام گەر بدرێتە دەست کەسێکی شارەزا، ئەوا بەکاری دێنێت، هەربۆیە پارتییش دەیەوێت لە بەغدا کوتلەیەکی بەهێزی هەبێت، ئەویش لەپاڵ یەکڕیزیی لایەنەکاندا.

فازڵ میرانی تیشکی خستە سەر ئەوەش کە دەیانەوێت لێرەش و لە بەغداش یەکڕیزیی کورد هەبێت. بە ئەسەفیشەوە باسی لەوە کرد کە زۆر جار لە بابەتە نەتەوەیییەکاندا هەمیشە پارتی بەتەنیا ماوەتەوە.

لە کۆتاییی گوتارەکەیدا داوای لە سەرجەم لایەنگران و ئەندامان و کادیرانی پارتی کرد، لە ڕۆژی دەنگداندا بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بڕۆن و دەنگی خۆیان بە کاندیدی بازنەکانیان بدەن، تا چۆن هەمیشە پارتی سەرفراز بووە، ئاوا بۆ داهاتووش زیاتر سەرفراز بن لەپێناو پاراستن و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیییەکاندا.

79

https://fb.watch/7MGWQSYjL8/

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.