سەرۆکی دەستەی ئەرکان لەوەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەێینێت: هاوکاری و یارمەتییەکانی هاوپەیمانان جێی بایەخ و گرنگی زۆری ئێمەیەو رۆژ بەرۆژ هێزەکانی پێشمەرگە بەهێزتر و رێکخراوتر دەبن.
هاوکات ئاشکراشی دەکات، لەدوای رێککەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش، ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ جێبەجێکردن و ئەرکبینینی ئەو دوو لیوایە.
ئەم ووتانەی فەریق جمال محمد، سەرۆکی ئەرکان ئەمرۆ 1 ئەیلولی 2021 لەمیانی پێشوازی و کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ کۆلۆنێڵ پاتریک دۆگلاس، راوێژکاری باڵای سەنتەری هەماهەنگی ئاسایشی هەرێمی ئەمریکا سەر بەکونسوڵخانەی ئەو ووڵاتە لەهەولێر.
دەستپێکی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دواین هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هەیکەل و میلاکاتی هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک و پشتیوانی دووی پێشمەرگه بوو. لەمڕوشەوە سەرۆکی ئەرکان، رایگەیاند: هەوڵەکان خێراتر کراوان و بەرەو پێشچوونی باش هاتۆتە ئاراوە لەرێکخستنەوەی ئەو هێزانەدا.
بەشێکی تری کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزەکانی 70 و80 بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە کە لەپرۆژەکانی چاکسازی و بەرنامەی( پێشمەرگە لە ئایندەدا) بەهاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان کاری لە سەر کراوە.
راوێژکاری باڵای تیمی هەماهەنگی ئاسایشی هەرێمی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لەهاوکاری و یارمەتییەکانیان بۆ ئەو هەنگاوانەی بەردەوام دەبن. روونیشکردەوە: بۆ کۆکردنەوەی تەواوی هێزەکان و گەڕانەوەیان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە پاڵپشت و هاوکار دەبن و خوازیاری سەرکەوتن و پێشخستنی ئەو پڕۆسەیەن. پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی نێوان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە، بەشێکی تری گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بوو.
سەرۆکی ئەرکان ئامادەیی وەزارەتی پێشمەرگەی نیشاندا بۆ جێ بە جێ کردنی هەر ئەرکێک کە لەمیانی پێکهێنانی ئەو دوو لیوا هاوبەشە دێتە ئاراوە، ئەمەش بەئامانجی گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
کۆبوونەوە، بە تاوتوێکردنی مەترسییەکانی ئێستای تیرۆریستان و جموجۆڵەکانی ئەم دوایەو تێکشکان و راوەدوونان و لەناوبردنیان کۆتایی هات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.