Erbil 33°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 14:24

قەشەیەکی کریستیان بۆ سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا: لە هەرێمی کوردستان شکۆمان پارێزراوە

کوردستان TV
100%

لە کاتی سەردانی ئیمانوێڵ ماکرۆن بۆ مووسڵ لە کڵێسەی ساعە لەگەڵ کەسایەتییە ئایینییەکانی سنوورەکە کۆ بووەوە و کەسایەتی و قەشەیەکی کریستیان ئاشکرای کرد ئێمە ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عینکاوە شکۆمان پارێزراوە.
 لە دیدارەکەدا یەکێک لە قەشەکانی مووسڵ لە وتەکانیدا لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا گوتی: ئەم سەردانەتان زۆر گرنگە و ئێمە زۆر سوپاستان دەکەین و ئەمن وەک سەرۆکی ساقیفەی کەرکووک و هەرێمی کوردستان لێرە ئامادەم و من هەر باب و باپیرانم لێرە بوون و خۆشم لێرە لەدایک بووم و من وەک دوایین قەشە بووم کە مووسڵم بەجێ هێشتووە. 
لەبارەی ڕۆژانی هێرشەکانی داعشەوە گوتی: من تەنیا 300 مەتر لە داعشەوە دوور بووم، ئەو ڕۆژانە زۆر ئەستەم و دژوار بوون و ئەستەمە بیانگێڕمەوە، بەڵام من لە خاکی باب و باپیرانم دەرکرام و مامەڵەی داعش لەگەڵ ئێمە زۆر دڕندانە بوو، ئەم کڵێسایە نموونەیە بۆ وێرانکاری کە هاوشێوەی کڵێساکانی دیکەی مووسڵ، هەموو شتێک لێرە وێران کرا، تەنانەت ئەو بەڵگە و دیکیۆمێنتانەی کە بەشێکیان بۆ سەدەی دووەم دەگەڕانەوە زۆریان لەناو بران و باقییەکەشیان دزران، بەڵام توانیمان بەشێکیان بەدەست بهێنینەوە.
 ئەو کەسایەتییە ئاینییە ڕاشی گەیاند: ئەمڕۆ سەردانی ئێوە زۆر بەرز دەنرخێنین، بەڵام بوونمان لەم وڵاتە وەک پێویستییەک وایە بۆ عێراق، چونکە ئێستا کریستیانەکان کەمینەن لە عێراق، هەرچەند کەمینە بوون ئاساییە، بەڵام ئەوە قورسە کە لەناو وڵاتی خۆمان ببینە پەنابەر، بەڵام سوپاس کە لە هەرێمی کوردستان پێشوازیمان لێ کرا و هه‌رێمی کوردستان باوەشی بۆمان کردەوە و هاوکاریی زۆمانی کرد و هەتا ئێستاش هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە خزمەت و پشتیوانیی ئایین و ئایینزاکان، من خەڵکی مووسڵم، بەڵام ئێستا لە عینکاوەم و لە هەرێمی کوردستانم و لە هەولێر و عینکاوە شکۆمان پارێزراوە.
 لە درێژەدا باسی لەوەش کرد: بە دڵخۆشییەوە ئێستا مووسڵ خەریکە جارێکی دیکە دەبووژێتەوە و بەردەوام پەیامی دڵخۆشکەر لەپێناو ئاوەدانیی پارێزگای نەینەوا و شاری مووسڵ و پێکهاتەکانی بڵاو دەبێتەوە و ئەم سەردانەشتان زۆر گرنگە و هیوادرین ئێوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کار بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کریستیانەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان لە سنووری مووسڵ. 


 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.