Erbil 7°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 05:25

نوێنه‌ری رووسیا: سه‌رۆک ڤلادیمێر پوتن پەیوەندییەکانی وڵات لەگەڵ هه‌رێمی کوردستان بەگرنگ دەزانێت

رووسیا و هه‌رێمی كوردستان رێكده‌كه‌ون
کوردستان TV
100%


میخایل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی "ڤلادیمێر پوتن" سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا،  رایده‌گه‌ێنێت، پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە و هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەگێڕێت. نوێنه‌ری تایبه‌تی پوتن دووپاتیشی كرده‌وه‌،‌ کورد لایەنێکی گرنگی جەنگی دژی تیرۆرن لە ناوچەکەدا و لەم بوارەشدا هەماهەنگی باشمان پێکەوە هەیە.
شاندێکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی کوردستان، لەگەڵ کۆمپانیا و خاوەنکارانی رووسیادا بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی زیاتری ئابووری و بازرگانی گفتوگۆ دەکەن، کە دواتر لێکتێگەیشتنێك لەنێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی کوردستان و خاوەنکارانی رووسیادا واژووکرا.

دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کوردستان رایگه‌یاندد: هیوادارین ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ببێته‌ مایه‌ی پێشكه‌وتنی كاره‌ بازرگانییه‌كانمان، به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌و په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌، مه‌به‌ستیشمان له‌م په‌یوه‌ندییه‌ خزمه‌تكردن و پێشكه‌وتنی ره‌وشی ئابووری و بازرگانی و پیشه‌سازیی كوردستان و عێراقیشه‌.

رووسیا بە کونسوڵخانەی گشتی و کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە، ئامادەبوونێکی کارای لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، پەیوەست بەم بابەتە نوێنەری تایبەتی "ڤلادیمێر پوتن"ی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ کوردستان بەگرنگ دەزانێت.

میخائیل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی "ڤلادیمێر پوتن"ی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا  رایگه‌یاند: بێگومان هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەگێڕێت، ئێمە پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمدا هەیە، ئێستا پێشوازیمان لەم شاندە باڵایەی لایەنە جیاوازەکانی عێراق کردووە، کە کورد بەشێکە لە شاندەکە، دڵخۆشین کاتێك دەبینین کورد و شیعە و سوننە پێکەوە کاردەکەن، ئێمە پەیوەندی توندوتۆڵمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە ئەتنییە جیاوازەکانی عێراقدا هەیە و رێزیان لێ دەگرین، کورد لایەنێکی گرنگی جەنگ لە دژی تیرۆر لە ناوچەکەدا پێکدێنن، لەم بوارەشدا ئێمە هەماهەنگی باشمان پێکەوە هەیە، هەروەها جگە لەوەی باڵوێزخانەمان لە بەغداد هەیە، لەهەمانکاتدا کونسوڵخانەی گشتیمان لە هەولێر هەیە.

ماکسیم مالیارچوک، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کارسازانی رووسیا – عێراق  ده‌شڵێت: لە کۆبوونەوەی کار و بازرگانی رووسیا و عێراق، خاوەنکارانی رووسیا و  ژوورەکانی بازرگانی و پێشەسازی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە ئامادە بوون. کۆمپانیا رووسەکان کاڵاکانی خۆیان خستەڕوو، خۆشبەختانە کۆمپانیا عێراقی و کوردستانییەکان خواستی بۆ کاری هاوبەش و هەماهەنگی لەگەڵ رووسیا نیشاندا، ئێمە هیوادارین کە بتوانین هەماهەنگی کۆمپانیا رووسییەکان بین بۆ گەیشتن بە بازاڕی عێراق و کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ ئاستی پێش کۆرۆنا.

مەمۆک توپچشڤیلی، سەرپەشتیاری گرووپی گەشتیاری ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، 16 تا 23ی ئەیلوول، یەکەم گەشت لە رووسیاوە بۆ کوردستانی دڵگیر ڕێکدەخەین، گەشتەکەمان بۆ ناوچە جوان و سەرەنجڕاکێش و گەلێکی باش و میواندۆستە، لەوێ خواردنی زۆر بەتام هەیە، ئەمە تەنیا گەشتی ناو سرووشت نییە، بەڵکو گەڕانێکە بەناو لایەنە کولتورییەکانی وڵاتەکەشدا، لە رووی ئەمنییەوە هەرێمەکە پارێزراوە و لەسەر رەوڕەوەی گەشەیە و گەشتیاریش یەکێکە لەو لایەنانە، ئێمە مانگێك لەمەوبەر لە کوردستان بووین، تەواو حەیران بووم، مانگی داهاتوو 15 گەشتیار دێنین بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی چێژ لە سرووشتی جوانی وڵاتەکە وەربگرن.
یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە، ماوەی سێ رۆژ لەگەڵ شاندێکی باڵای عێراق، بەسەرۆکایەتی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقی فێدراڵ لە رووسیا چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، دواجار ژووری بازرگانی و پیشەسازی کوردستان لێکتێگەیشنی لەگەڵ خاوەنکارانی رووسیا واژوو کرد، بۆ گەشەدانی زیاتر بەپەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوانیان.

kurdistan 24

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.