جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لەبارەی تەقینەوەکانی کابوولی پایتەختی ئەفغانستان و کوژران و برینداربوونی چەندین سەربازی ئەمریکی، گوتارێکی پێشکهش کرد و رایگەیاند: بۆ ئەوانەی کە ئەم هێرشەیان ئەنجامداوە و هەروەها بۆ هەرکەسێك کە خوازیاری زیانگەیاندنە بە ئەمریکا، دەڵێم، لەکەس خۆشنابین، دەتانگرین و سزاشتان دەدەین، من بە هەرشتێك کە لەژێر فەرمانمدایە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانمان و هەروەها گەلەکەمان دەکەم.
سەرۆکی ئەمریکا ئەو سەربازانەی وڵاتەکەی کە لە تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی کابوول گیانیان لەدەستدا بە قارەمان ناودەبات و رایگەیاند: بارودۆخەکە لەسەر زەوی بەردەوامە لە بەرەوپێشچوون و من بەردەوام زانیاریی نوێم بەدەست دەگات. ئەو ئەمریکییانەی کە گیانیان لەدەستدا، ئەوانە قارەمانن کە ژیانیان تێکەڵ بە مەترسییەکان کرد تاوەکو ژیانی ئەوانەی دیکە بپارێزن، ئەوان بەشێک بوون لە ئەرکی بردنەدەرەوەی خەڵک لە ئەفغانستان کە تاوەکو ئێستا لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە و تێیدا زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی، هاوبەشانی ئەمریکا و ئەو ئەفغانییانەی کە کاریان لەگەڵ ئێمەدا کردوون، گوازراونەتەوە.
هاوكات جۆ بایدن راشگهیاند کە فەرمانی دەرکردووە هەموو شتێك بۆ سوپا دابینبکرێت و گوتی: ئەگەر بیانەوێت هێزی زیاتریش دەنێرین. بەڵام سوپای ئەمریکا هەر لە فەرماندەی هێزەکانەوە بگرە تاوەکو ئەفسەرەکانی سەر زەوی هەموویان بەجۆرێك لە جۆرکان پەیوەندییان بە منەوە کردوون و پێیان راگەیاندووم کە ئەرکی بردنە دەرەوەی خەڵک بەردەوام دەبێت و ئەنجامی دەدەن تاوەکو لەکاتی دیاریکراودا زۆرترین خەڵک لە ئەفغانستان ببرێنە دەرەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.