Erbil 15°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 14:10

ئه‌مڕۆ ساڵێک به‌سه‌ر کۆچی دوایی تێکۆشه‌ر و که‌سایه‌تی ناسراوی هه‌ولێر بارزان مه‌لا خالید تێده‌په‌ڕێت

کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ 25-8- 2021 ساڵێك به‌سه‌ركۆچی دوایی تێكۆشه‌ر بارزان مه‌لا خالید تێپه‌رده‌بێت 
بارزان خالید عه‌زیز، ناسراو به‌ بارزانی مه‌لا خالید ساڵی 1945 له‌ گوندی مورتكه‌ی گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌ی قوشته‌په‌ سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌. باوكی مه‌لایه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر و نزیكی مه‌لا مسته‌فا بارزانی بووه‌، بۆیشه‌ به‌هۆی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی بۆ بارزانی ھه‌یبووه‌، ناوی كوڕه‌كه‌ی خۆی كردووه‌ته‌ بارزان.
بارزان خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ گوندی مورتكه‌ و ناوه‌ندیی له‌ هه‌ولێر ته‌واو كردوه‌، له‌ دوا قۆناخی خوێندنی دواناوه‌ندیی دا بووه‌ له‌ به‌هاری ساڵی 1966 چووه‌ته‌ ڕیزی پێشمه‌رگه‌كانی به‌تالیۆنی دووی سه‌ر به‌هێزی سه‌فین له‌ لقی چواری ده‌شتی هه‌ولێر، كه‌ فه‌رمانده‌كه‌ی عه‌ریف عوسمان یوسف بووه‌. ساڵی 1967 بۆ ماوه‌ی ساڵێك مامۆستای شۆڕش بووه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "عه‌ریف عوسمان یوسف له‌ مانگی نیسانی 1967 كه‌ له‌نێوان شۆڕش و حكومه‌تدا وتووێژ هه‌بوو، بانگی منی كرد و گوتی: بارزان ئه‌و هه‌مووه‌ منداڵه‌ له‌ كۆڵان ده‌خولێنه‌وه‌، بۆچی نایه‌ی كۆیان بكه‌یه‌وه‌ و لێره‌ له‌ "پیره‌ر"، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ فێری ئه‌لف و بێیان بكه‌ی و منیش پێداویستییه‌كانت بۆ دابین ده‌كه‌م. خوێندكارێكی تریش هه‌بوو به‌ناوی یاسین قادر كه‌ ساڵی 1978 شه‌هید بوو. ئێمه‌ منداڵه‌كانمان كۆكرده‌وه‌، ژماره‌یان ٤٠ كه‌س بوو، تا كۆتایی ئه‌و ساڵه‌، واته‌ خوێندنی 1966- 1967 له‌ سه‌رده‌می وتووێژه‌كاندا حكومه‌ت خویندنگه‌یه‌كی له‌ "باوه‌قۆب" دروستكرد، باوه‌قوب و پیره‌ر دۆڵێكیان له‌نێوان دایه‌. ئێمه‌ خوێندنگه‌كه‌مان برده‌ باوه‌قوب و خوێندكاره‌كانمان تێكه‌ڵكردن و به‌یه‌كه‌وه‌ وانه‌مان پێگوتن".
پاییزی ساڵی 1968، بارزانی مه‌لا خالید گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ رادیۆ ده‌نگی كوردستانی عێراق كه‌ بنكه‌كه‌ی له‌ ئه‌شكه‌وتی "سه‌ردێ" له‌ نزیك قه‌سرێ له‌ ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی بووه‌. تا واژۆكردنی رێككه‌وتنی 11ی ئادار له‌ ڕادیۆ كاری بێژه‌ری كردوه‌ و خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵ و رووداوه‌كانی رادیۆشی له‌ ئه‌ستۆ بووه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "رادیۆكه‌مان به‌ دوای رێككه‌وتی 11ی ئاداری داخرا و من له‌ ساڵی 1971وه‌ تا ساڵی 1974 كرام به‌كارمه‌ند له‌ قایمقامییه‌تی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێردا و له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 1974دا سه‌رله‌نوێ سه‌ركردایه‌تی پارتی بڕیاریدا رادیۆ دامه‌زرێته‌وه‌ و من به‌ ئه‌مری مه‌كته‌بی سیاسی وه‌ك كادیری رادیۆ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ رادیۆ كه‌ رادیۆ به‌كار بخه‌مه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ته‌قه‌ی رژێمی عێراق به‌ دژی گه‌لی كورد، رادیۆكه‌مان ده‌ستی به‌كار كرده‌وه‌".
بارزانی مه‌لا خالید، ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی به‌شی كوردی سۆرانی بێژه‌رانی رادیۆی پێسپێردراوه‌ و بۆخۆشی هه‌واڵه‌كانی رادیۆی خوێندوه‌ته‌وه‌. ساڵی 1975 كه‌ شۆڕشی ئه‌یلول راوه‌ستا، ناوبراو چووه‌ته‌ مه‌هاباد و له‌وێوه‌ رژێمی ئێران گواستویه‌ته‌وه‌ بۆ لاهیجان له‌ پارێزگای گیلان. دوای ماوه‌یه‌كی كورت له‌و جێیه‌، رۆژی 1975/10/20 ئێرانی به‌جێهێشتوه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق و له‌وێوه‌ گواستویانه‌ته‌وه‌ بۆ پارێزگای رومادی و له‌ فه‌لوجه‌ نیشته‌جێیان كردوه‌.
به‌هاری ساڵی 1979 له‌ فه‌لوجه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ریزه‌كانی شۆڕش و له‌ حیزبی سۆسیالیستی كوردستاندا كراوه‌ به‌ به‌رپرسی راگه‌یاندن. ساڵی 1982 سه‌رله‌نوێ سه‌نگه‌ری خۆی گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ ریزه‌كانی پارتی دیموكرات و كراوه‌ به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی پارتی و به‌رپرسی به‌شی كوردی "سۆرانی" ڕادیۆ ده‌نگی كوردستان و سه‌ره‌ڕای نوسین وتار، په‌خشان و شیعر، به‌شه‌كانی ده‌نگوباس و لێدوانی سیاسی له‌ ئه‌ستۆ بووه‌. تا ساڵی 1985 له‌ ڕادیۆ ده‌نگی كوردستان له‌ خنێره‌ و ناوچه‌ی هه‌له‌ج و شه‌قڵاوه‌ی سه‌ربه‌ ناوچه‌ی ورمێ كاری كردوه‌، ساڵی 1986 گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ لقی دووی پارتی و كراوه‌ته‌ كارگێڕی لق و له‌ ناوچه‌ی لۆلان و شێخ وه‌سانان به‌رپرسی به‌شی راگه‌یاندنی لقی دوو بووه‌، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "مانگانه‌ به‌ته‌نیا گۆڤاری سه‌فینم بڵاوده‌كرده‌وه‌"
له‌ كۆتایی ساڵی 1988وه‌ تا ساڵی 1990 نوێنه‌ری پارتی بووه‌ له‌ به‌شی راگه‌یاندنی به‌ره‌ی كوردستانیدا و به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری حیزبه‌كانی به‌شدار له‌ به‌ره‌ی كوردستانیدا، مانگانه‌ رۆژنامه‌یه‌كیان به‌ناوی "به‌ره‌ی كوردستانی" بڵاوكردۆته‌وه‌. له‌ كانوونی دووه‌می ساڵی 1990 به‌ فه‌رمانی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی سه‌ر له‌ نوێ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ رادیۆ ده‌نگی كوردستان و تا راپه‌ڕینی ساڵی 1991 له‌و رادیۆیه‌دا كاری كردوه‌.
له‌ مانگی ئابی 1991دا بارزانی مه‌لا خالید كراوه‌ به‌  كارگێڕی لقی دووی پارتی دیموكرات له‌ شه‌قڵاوه‌ و هه‌رله‌و ساڵه‌دا ئه‌ندامی یه‌كێتی نوسه‌رانی كوردستان و له‌ ساڵانی دواتریش ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان بووه‌ و سه‌دان وتاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا بڵاوكردۆته‌وه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنی 1992/5/19ی په‌رله‌مانی كوردستاندا، بۆ ئه‌ندامیه‌تی پارله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌. له‌ 1993/5/8 پۆستی بریكاری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی دراوه‌تێ. به‌شداریی كۆنگره‌كانی 8 تا 13ی پارتی دیموكراتی كردوه‌، له‌ كۆنگره‌ی 11دا به‌ ئه‌ندامی جێگری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌ و له‌ كۆنگره‌ی 13ی پارتیدا وته‌بێژی كۆنگره‌ بووه‌.
ساڵی 2006، بارزان مه‌لا خالید تووشی نه‌خۆشی دڵ بووه‌ و نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كراوه‌، دواتر بۆ پارێزگارییكردن له‌ ته‌ندروستی خۆی، خانه‌نشین كراوه‌. ڕۆژی 2010/12/15 میدالیای بارزانی وه‌رگرتووه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ گوتویه‌تی: "به‌ وه‌رگرتنی میدالیای بارزانی زۆر خۆشحاڵ بووم. هه‌ستم كرد به‌ڕاستی پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتكار بوومه‌ و پاداشی ره‌نج و خه‌باتی ماوه‌ی ژیانم له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێدرا". 
بارزان مه‌لا خالید، به‌ھۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ چه‌ند ساڵێك بوو له‌ چالاكی و كاری رێكخراوه‌یی دوور كه‌وتبووه‌وه‌، به‌ره‌به‌یانی رۆژی 25/8/2020 له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كۆچی دوایی كرد.
ئا- كامران

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.