Erbil 9°C شەممە 11 کانوونی دووەم 19:50

سەرۆکی ئەمریکا: بریاڕی جێهێشتنی هێزه‌کانمان له‌ ئەفغانستان دروست بوو

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن باس له‌ وه‌ده‌كات کە هیچ رێگایەک نەبووە بۆ کشانەوە لە ئەفغانستان "بەبێ دروستبوونی پشێوی" و نەشتواندراوە قۆناغی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی باشتر بەڕێوەببرێت.

جۆ بایدن لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەی بی سی ئەمریکی باسی لە بڕیاری جێهێشتنی ئەفغانستان، ئەو رەوشەی لە پرۆسەی گواستنەوەدا سەریهەڵداوە و دوایین پێشهاتەکان کرد.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بڕیاری جێهێشتنی ئەفغانستان دروست بووە و لە پشت بڕیارەکەیە، هاوکات باسی لە هۆکارەکانی دەرکردنی ئەو بڕیارە کرد.

جۆ بایدن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا باوەڕتان وایە پرۆسەی جێهێشتنی ئەفغانستان باشتر بەڕێوەببرایە؟ گوتی: وانازانم. دەتوانرا ئەو پرۆسەیە بەشێوەیەک تاوتوێ بکرایە کە پشێوی سەریهەڵنەدایە، بۆچوون هەیە کە ئەوە رێگەیەکی هەیە، بەڵام نازانم ئەوە چۆن دەبێت.

سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوەیش کرد کە کاتێک ئەو بڕیارەیانداوە هەڵسەنگاندنیشیان بۆ قۆناغی رەوشی ''ئەگەری پشێوەی'' کردووە.

جۆ بایدن ئەوەشی خستەڕوو کە دڵنیانەبوون لەوەی تاڵیبان چی دەکات لەبارەی ئەوەی رێگە بە جێهێشتنی ئەمریکییەکان دەدات وڵات جێبهێڵن یان نا و گوتی''باشە ئێستا چی دەکەن، هاریکاری دەکەن و رێگە دەدەن هاووڵاتییانی ئەمریکی وڵاتەکە جێبهێڵن.

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بۆچوونی لەبارەی دیمەنەکانی پشێوی لە فڕۆکەخانەی حامید کارزای لە کابول، گوتی: ''پێموایە کە دەبێت هەرچی زووە کۆنترۆڵی بکەین و خێرا جووڵە بکەین، هەرواشمان کرد.

جۆ بایدن باسی لە سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، ئەشرەف غەنی کرد کە وڵاتەکەی جێهێشتووە، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە کە هیچ بەرەنگاری تاڵیبان نەبوونەوە و گوتی: ''هەر لەبەر ئەو هۆکارە بڕیاری جێهێشتنی ئەو وڵاتە زۆر دروست بوو.

سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: ''دەمتوانی بڕیارێکی ئاسان دەربکەم. ئەگەر بمگوتایە دەمێنینەوە، ئەو کات پێویست بوو ئامادەبین بۆ ناردنی سەربازی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام بەو بڕیارەی دام رێگریم کرد لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئەمریکی.

جۆ بایدن لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەگەر گواستنەوەی هەموو ئەمریکییەکان کە دەیانەوێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن بکەوێتە دوای ٣١ی ئاب، چی دەکەن، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر پێویست بکات ژمارەیەک لە سەربازانی ئەمریکا دەمێننەوە.

سەرۆکی ئەمریکا هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی ئایا راستە لە ئەفغانستان 10 بۆ 15 هەزار ئەمریکی هەن؟ بەڵێن دەدەن تا گواستنەوەی هەموو ئەو ئەمریکیانەی دەیانەوێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن سەربازان لەوێ بمێننەوە؟ بایدن گوتی: بەڵێ.

جۆ بایدن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوە بە واتای ئەوە نایەت کە لە دوای 31ی ئابەوە لە ئەفغانستان دەمێننەوە و گوتی: ئەگەر هاووڵاتی ئەمریکی هەبن کە هێشتا پێویست بکات بگوازرێنەوە، ئەوا لە ژمارە و شێوازی مانەوەی سەربازان دەڕوانن لە 31ی ئابدا، بەڵام هاووڵاتییان دەگوازینەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.