Erbil 18°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 18:48

شاری عه‌فرین به‌ چڕی بۆردومان کرا و کوژراو و بریندار هه‌یه‌

کوردستان TV
100%

دوای نیوه‌ڕی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ناوه‌ندی شاری عه‌فرین به‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان كرایه‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامی ئه‌و به‌ ئامانج گرتنه‌ش كوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه‌.

جاندار شرناخی، په‌یامنێری كوردستان تیڤی له‌ باره‌ی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ناوه‌ندی شاری عه‌فرین به‌ چڕی بۆردومانكرا و به‌هۆیه‌وه‌ سێ كه‌س كوژران و چواری دیكه‌ش به‌ سه‌ختی بریندار بوون و گوازرانه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.

گوتیشی: به‌پێی زانیارییه‌كان بۆردومانه‌كه‌ له‌ لایه‌ن فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی ڕوسیا ئه‌نجامدراوه‌ و  زیاتر له‌ 13 گولـله‌ی درۆن له‌ شاری عه‌فرین كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زه‌ره‌ر و زیانی گه‌وره‌ی  گیانی و ماددی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتیشی: به‌پێی زانیارییه‌كان بۆردومانه‌كه‌ به‌هۆی كۆبوونه‌وه‌ی گروپێكی چه‌كداری سه‌ر به‌ توركیا بووه‌ له‌ به‌نزینخانه‌یه‌ك له‌ شه‌قامی مازۆت له‌ عه‌فرین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌ ئێستادا هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عه‌فرین له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان و له‌ ناوچه‌كه‌ بڵاوه‌یان پێكراوه‌. 

هه‌روه‌ها گوتیشی: دوای بۆردومانه‌كه‌ی عه‌فرین، سوپای توركیا به‌ چڕی ده‌ستی كردووه‌ به‌ تۆپبارانكردنی گوندی عه‌ین ده‌قنه‌  و تا ئێستاش زه‌ره‌ر و زیانه‌كان نه‌زانراون.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.