Erbil 14°C شەممە 11 کانوونی دووەم 12:59

ئەمریکا هاوکارى کەرتى خوێندنى باڵاى هه‌رێمی کوردستان دەکات

کوردستان TV
100%


 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە پاڵ بەرزنرخاندنى پشتیوانییەکانى ئەمریکا لەڕوى سیاسى و سەربازى و مرۆیى بۆ گەلى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت پشتیوانییە زانستى و ئەکادیمییەکانى حکومەتى ئەمریکا بۆ سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و پێشخستنى ئاستى زانکۆکان بەگرنگ دەزانین.
 
ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى  دوێنێ سێشەممە ڕێکەوتى (2021/8/17) لەمیانى پێشوازیکردنى هات لە ڕۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى  کوردستان بە یاوەرى وەفدێکى کونسوڵخانە.
  
لەدیدارەکەدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، کونسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بەسەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دەستخۆشى لە وەزیرى خوێندنى باڵا کرد بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکان و پەرەپێدانى ئاڵوگۆڕە زانستییەکان، بۆ ئەمەش کورتەیەکى لەبارەى کارو پرۆژەو هەماهەنگیەکانیان لەگەڵ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان ڕونکردەوە، بەتایبەت بەرنامەى ئاڵوگۆڕى سەرکردەى گەنج کە تایبەتە بە ناردنە دەرەوەى خوێندکاران و بەرنامەى فول برایت و ئاڵوگۆڕى خوێندکارى خوێندنى باڵا و پێشخستن و پەرەپێدانى سێنتەرەکانى بەکارخستن و پرۆگرامى بەستنەوەى زانکۆکانى هەرێم بە زانکۆکانى ئەمریکاو بەرنامەى ئاڵوگۆڕى کلتورى و فەرهەنگى و پەرەپێدانى زمانى ئینگلیزى. 
 
لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنان و پیرۆزبایى لە کونسوڵى نوێ، هاوکارى و هەماهەنگى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکاى بۆ گەلى کوردستان بە  بایەخ و گرنگ وەسفکرد، بۆ ئەمەش کورتەیەکى لەبارەى پشتگیرى حکومەت و گەلى ئەمریکا باسکردو ڕایگەیاند: سوپاسى پشتیوانیتان دەکەین کە ساڵانێکە قوربانى زۆرتان داوە بۆ پشتیگرى گەلانى ناوچەکەو گەلى کوردستان بەتایبەتى، هاوکارییەکانتان بۆ گەلەکەمان جێگەى و پیزانینە بە ڕێزەوە سەیرى دەکەین، لەبارەى هەماهەنگى سێکتەرى خوێندنى باڵاش وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە: لەنێو هەمو ئەو هاوکارى و پشتیوانییەتان بۆ گەلەکەمان، هاوکارى زانستى گرنگتان پێشکەش بە زانکۆ و دامەزراوەکانمان کردوە، بەتایبەت لە بوارى سەرکردەى ئەکادیمى و پێشخستن و پەرەپێدانى سێنتەرەکانى بەکارخستن لە زاکۆکان و ئاڵوگۆڕى مامۆستاو خوێندکاران و پەرەپێدانى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى و چەندین بوارى دیکە. بۆیە بۆ بەرەو پێشبردن و پێشخستنى ئاستى زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانمان پشتیوانى زیاترى کارەکانمان بن بەردەوامى پێبدەن.
 
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. ئارام محمد ڕایگەیاند: بەشێوەیەکى گشتى سیستم و فەلسەفەى خوێندن لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بۆ ئێمە جێگەى بایەخ و گرنگیە، کاتێک دەمانەوێت ئامانج و پلانەکانمان بۆ پێشخستنى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان بچێتە پێشەوە، پێویستمان بەهاوکارى و هەماهەنگى زیاترى دامەزراو و ناوەندە زانستیەکانى ئێوە دەبێت، چاوەڕێى ئەوەین زیاتر هاوکارمان بن بۆ پەرەپێدانى ئەم پەیوەندییانەو پێشخستنى ئاستى زانکۆکانمان و دروستکردنى پەیوەندى ڕاستەوخۆ لە نێوان دامەزراوەکاندا.
 
لە کۆتایى دیدارەکەدا چەند بابەتێکى پەیوەست بە پلان و بەرنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت و ئەو بوارو بابەتانەى پەیوەستن بە ئاستى زانکۆکان بەگشتى گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.