Erbil 11°C شەممە 11 کانوونی دووەم 11:02

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: بەگوێرەی کارەکانی تاڵیبان هەڵوێستمان دیاری دەکەین

کوردستان TV
100%


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس رایگەیاند هەڵوێستمان بەرامبەر حکوومەتی داهاتوو لە ئەفغانستان پەیوەستە بە کارەکانی ئەو حکوومەتە و کارەکانی تاڵیبانەوە.

نێد پرایس لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لەوە کرد کە تەواوی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کابول براونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزای و لە ئاسایشدان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش هەوڵیداوە دۆخێکی ئارام و ئاسایش فەراهەم بکات بۆ درێژەدان بە گەشتە سەربازیی و بازرگانییەکان.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا لە هەماهەنگییدایە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان، پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامداوە.

نێد پرایس لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە داننان بە سەرکۆماری ئەفغانستان، ئەشرەف غەنی کە وڵاتی جێهێشتووە یان نا گوتی: رادەستکردنێکی ئاسایی لە حکوومەتی ئەو وڵاتەدا رووینەداوە و ئەمریکا لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا کاری کردووە لەبارەی داننان بەوەی کێ لە ئەفغانستان دەبێتە سەرکردە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس گوتیشی: بەردەوامین لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان لە دۆحە. سوپای ئەمریکاش لە کابول پەیوەندی لەگەڵ تاڵیبان دروست کردووە. هەڵوێستمان بەرامبەر حکوومەتی داهاتوو لە ئەفغانستان پەیوەستە بە کارەکانی ئەو حکوومەتە و کارەکانی تاڵیبانەوە.

نێد پرایس ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئەفغانستان لەگەڵ حکوومەتێکدا کار ناکەن کە رێز لە بنەماکانی مافی مرۆڤ نەگرێت و تیرۆریستان لە خۆ بگرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس هەروەها باسی لەوە کرد کە هەتا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حامید کارزای لە ئارامییدا بێت درێژە دەدەن بە کاری دیپلۆماسیی و بەو شێوەیەش دەتوانرێت ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ئەفغانستان کە هاوکاری ئەمریکایان کردووە لە وڵاتەکە ببەنە دەرەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.