Erbil 11°C شەممە 11 کانوونی دووەم 01:59

لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی وێستگەیه‌کی کاره‌با له‌ هه‌ولێر کرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%


به‌یانى ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2021.8.16، لەژێر چاودێری رێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی ئەندازیار كەمال محه‌مد ساڵح، وەزیری كارەباى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەڕێوره‌سمێكدا، وێستگەی كارەبای (132KV) نیشتمان له‌سه‌نته‌رى شارى هه‌ولێر كرایه‌وه‌.
له‌ڕێوره‌سمه‌كه‌دا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ بریكارى وه‌زاره‌تى كاره‌با و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى دابه‌شكردنى كاره‌باى هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رانى دابه‌شكردنى كاره‌باى یه‌ك و دووى هه‌ولێر و ژماره‌یه‌كى دیكه‌ له‌ئه‌ندازیاران ئاماده‌ی بوون، پارێزگارى هه‌ولێر له‌ووتارێكدا ڕایگه‌یاند: "خۆشحاڵین له‌ پارێزگاى هه‌ولێر له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌تایبه‌تى له‌بوارى كاره‌بادا، ئه‌مڕۆ وێستگه‌یه‌كى دیكه‌ له‌ شاره‌كه‌مان له‌ ژێر چاودێرى رێزدار(مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌، به‌مبۆنه‌یه‌وه‌ به‌ناوى پارێزگاى هه‌ولێر وێڕاى سوپاسمان بۆ وه‌زاره‌تى كاره‌با و جه‌نابى وه‌زیرى كاره‌با و ته‌واوى به‌رپرسانى كاره‌با و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى كاره‌باى هه‌ولێر، پیرۆزبایى له‌ خه‌ڵكى شاره‌كه‌مان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ كه‌ به‌شێكى دیكه‌ى گرنگى چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كاره‌با ده‌بێت له‌ سنوورێكى دیاریكراوى شاره‌كه‌مان".
پارێزگارى هه‌ولێر هه‌روه‌ها وتى: "كردنه‌وه‌ى وێستگەی كارەبای (132KV) نیشتمان به‌شێكى گرنگه‌ له‌ چاره‌سه‌رى بار زۆرى سه‌نته‌رى شار و نێو بازاڕ و گه‌ڕه‌كه‌كانى چوارده‌ورى سه‌نته‌رى شاركه‌مان كه‌ له‌ماوه‌ى ڕابردوودا خزمه‌تگوزارییه‌كى زۆرپێویست بوو، بۆیه‌ وه‌كو پارێزگاى هه‌ولێر جارێكى تر سوپاس بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌تایبه‌ت خودى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كه‌ له‌چوارچێوه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ته‌واوی هه‌رێمى كوردستان، هه‌میشه‌ هه‌ولێرى پایته‌خت له‌به‌رچاوو گیراوه‌، لێره‌شه‌وه‌ ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌ینه‌وه‌ وه‌كو حكومه‌ت و پارێزگاى هه‌ولێر به‌ ئه‌ركى سه‌رشانى خۆمانى ده‌زانین خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى وه‌ك ئاو و كاره‌با بۆ هاوڵاتییان دابینبكه‌ین، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌ركى هاوڵاتییانیشه‌ هاوكارى حكومه‌ت بكه‌ن و زێده‌ڕۆیى له‌سه‌ر ئاو و كاره‌با ئه‌نجامنه‌ده‌ن، له‌كۆتایدا ده‌ستخۆشى له‌ كۆمپانیاى زاگرۆس ده‌كه‌ین كه‌ له‌ماوه‌ى دیاریكراوى خۆیدا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یان ته‌واوكرد".
جێگه‌ى باسه‌، پڕۆژه‌ى وێستگەی كارەبای (132KV) نیشتمان له‌سه‌نته‌رى شارى هه‌ولێر، له‌سه‌ر بودجه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌گوژمه‌ى (13,995,812) سێزده‌ ملیۆن و نۆسه‌د و نه‌وه‌ت و پێنج هه‌زار و هه‌شت سه‌د و دوانزه‌ دۆلار، له‌لایه‌ن كۆمپانیاى زاگرۆس جێبه‌جێكراوه‌.
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.