Erbil 10°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 23:26

نێچیرڤان بارزانى :پارتى حزبێکى جه‌ماوه‌ریى زیندووه‌

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ یادى 16ى ئابدا پەیامێكی بلاوكردۆته‌وه‌و رایده‌گه‌ێنێت، پارتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كاندا بنیاتنه‌ر و پارێزه‌رى سه‌ره‌كیى قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکان و فیدرالى و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانیه‌تى.

ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی ...

پەیامی جێگری سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ یادى 16ى ئابدا

له‌ یادى دامەزراندنی پارتیماندا، گەرمترین پیرۆزبایی له‌ خێزان و كه‌سوكارى شه‌هیدان، جەنابی سەرۆک بارزانی، مه‌كته‌بى سیاسى، سه‌ركردایه‌تى، ته‌واوى مه‌كته‌ب و ده‌سته‌ و ئۆرگانه‌كان، كادیران، ئه‌ندامان، لایه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتى له‌ هه‌ر كوێ بن، ده‌كه‌م. به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادى ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان و سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌ركرده‌ و تێكۆشه‌ر و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌موو ژیانیان به‌ كوردستان به‌خشى. پارتى حزبێكى جه‌ماوه‌ریى زیندووه‌، ئه‌مڕۆ دواى حه‌فتا و پێنج ساڵ ته‌مه‌ن و تێپه‌ڕاندنى چه‌ندین قۆناغى جیاى خه‌باتى ئاشكرا و نهێنى و شۆڕش و حوكمڕانى، به‌ نوێبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام و ته‌با له‌گه‌ڵ گیانى سه‌رده‌مدا، هێشتا پێشه‌نگى خه‌باتى گه‌لى كوردستانه‌ بۆ ئازادى. له‌م یاده‌دا به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادى ڕابه‌ر و دامه‌زرێنه‌رى پارتى، بارزانیى نه‌مر و هاوه‌ڵانى ده‌كه‌ینه‌وه‌ و سڵاو و دروود بۆ گیانیان ده‌نێرین.‌ پارتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كاندا بنیاتنه‌ر و پارێزه‌رى سه‌ره‌كیى قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکان و فیدرالى و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانیه‌تى. به‌ ته‌واوى بڕوایه‌وه‌ به‌ یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى، له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستاندا، به‌ ئومێد و بڕواوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت و كار بۆ ژیان و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ گه‌لى كوردستان ده‌كات. پارتى خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندى به‌ڕێوه‌بردنه‌. ڕەنگدانەوەی بیر و بەرنامەی ژیاندۆستانەى پارتی لە حكوومه‌تداریدا، له‌ گرنگیدان و په‌ره‌پێدان به‌ تواناكانى ئافرە‌تان، لاوان، قوتابیان و هه‌موو توێژه‌كانى دیكه‌، وێنەیەکی سەنگینی بەخشیوەتە وڵات و ڕۆڵ و پێگه‌ى له‌ پێشکەوتنى بەرچاوی کورستان لە بوارى دیموكراسى، ئازادییه‌كان، مافى مرۆڤ و یه‌كسانیدا دیار و به‌رچاوه و کۆمەڵگای کوردستانی بە چەندین بەهای مرۆیی دەوڵەمەندتر کرد. دەستی دۆستایەتیی پارتی هەمیشە بۆ هەمووان واڵا بووە. با له‌ یه‌كتر جیاواز بین، هەڵکردنمان لەگەڵ جیاوازییەکانی یەکتردا، ئەزموون و کولتووری سیاسیمان دەوڵەمەندتر و سەنگینتر و پێگه‌مان به‌هێزتر دەکات. له‌م یاده‌دا جه‌خت له ته‌بایى و یه‌كڕیزیى و پێكه‌وه‌یى له‌نێوان ته‌واوى لایه‌ن و پێكهاته‌ كوردستانییه‌كاندا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تاكه‌ زامنى پاراستنى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سكه‌وت و فیدرالى و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانیه‌تى، وه‌ك هه‌میشه‌ش‌ ده‌سپێشخه‌ر، داكۆكیكار، هانده‌ر و پارێزه‌ریان ده‌بێت. بەهێزیی پێگەی پارتی کە زادەی نیشتمانپه‌روه‌رى و دڵسۆزیى سەرکردایەتى و ئه‌ندامان و ڕێكخستن و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌تى، لەگەڵ دروستیی ڕێبازە سیاسییەکەی، ئەرک و بەرپرسیاریه‌تییه‌كانى زیاتر دەکات، ئەمەش پلان و کاری زیاترمان لێ دەخوازێت. لەم یاده‌دا سوپاسی یەکە بە یەکەی ئەندامان و جه‌ماوه‌رى دڵسۆزى پارتى دەکەم کە هەمیشە نموونەی خۆڕاگری، ئەمەکداری، نیشتمانپه‌روه‌رى و به‌رپرسیاریه‌تى بوون و له‌پێناو ئازادى و سه‌ركه‌وتنى كوردستاندا، هه‌موو قوربانییه‌كیان داوه‌. بەرز و پیرۆز بێت یادى ١٦ی ئاب، سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى كوردستان.

نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان

16ى ئابى 2021

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.