Erbil 35°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 16:17

پارێزگاری هەولێر: مه‌سرور بارزانی ڕایسپاردووین کێشەی ئاو چارەسەر بکه‌ین

تا کێشەی ئاو چارەسەر نەکەین ناخەوین
کوردستان TV
100%

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، رایگه‌یاند، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، به‌ وردی چاودێری ره‌وشی بێئاوی له‌ هه‌ولێر ده‌كات و رایسپاردووین، كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ئاو بۆ ماڵ به‌ ماڵی هاووڵاتیان دابین بكه‌ین.

پارێزگاری هه‌ولێر، گوتی: هۆكاری كێشه‌ی بێ ئاوی هاتنی لافاو بووه‌ له‌ باكووری كوردستان و باران بارینی ناوچه‌ كوێستانییه‌كان بووه‌.

گوتیشی: ئاستی ئاوی هه‌ولێر دابه‌زیوه‌ بۆ 670 مه‌تر و ئه‌وه‌ش مه‌ترسیداره‌.

ئومێد خۆشناو، گوتیشی: ئێستا ئێمه‌ له‌ قۆناغی كۆنترۆڵكردنی ره‌وشی وشكه‌ساڵین و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ژووری وشكه‌ ساڵی چه‌ند بڕیارێكمان دا.

له‌ باره‌ی بڕیاره‌كانه‌وه‌، گوتی: 523 بیر نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وه‌، سووته‌مه‌نی و كاره‌بایان بۆ دابین ده‌كرێت و له‌ هه‌ندێك شوێن پێویست به‌ هه‌ڵكه‌ندنی بیری نوێ هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: چه‌ند لیژنه‌یه‌ك بۆ كۆنترۆڵكردنی ره‌وشه‌كه‌ دانراون، بۆ لابردنی زێده‌ڕۆیی سه‌ر ئاوی خواردنه‌وه‌، له‌ سبه‌یه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی لابردنی زێده‌ڕۆیی ده‌ست پێده‌كات و رێگری له‌ به‌ فیڕۆدانی ئاوی خواردنه‌وه‌ ده‌كرێت و رێكاری یاسایی دژی پێشێلكاران ده‌گرینه‌ به‌ر.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، لیژنه‌یه‌كی دیكه‌ی هونه‌ری درووست كراوه‌، بۆ ده‌ستنیشانكردنی كێشه‌ ته‌كنیكییه‌كان و به‌ سه‌رجه‌م تیمه‌كانی راگه‌یاندووه‌، تا ماڵێكی هه‌ولێر بێ ئاو بن، كه‌س بۆی نییه‌ بخه‌وێت.

ئومێد خۆشناو روونیشیكرده‌وه‌، لیژنه‌یه‌ك به‌ سه‌رپه‌رشتی قائیمقام و شاره‌وانییه‌كان پێكهێنراوه‌ بۆ دابینكردنی ئاوی ماڵان له‌ رێگه‌ی تانكه‌ره‌وه‌، هه‌ر هاووڵاتییه‌ك كێشه‌ی ئاوی هه‌بێت، به‌ زووترین كات په‌یوه‌ندی بكات به‌ شاره‌وانییه‌كانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یه‌وه‌ و به‌ تانكه‌ر ئاوی بۆ دابین ده‌كرێت.

سه‌باره‌ت به‌ خه‌مخۆری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئه‌و پرسه‌، ئومێد خۆشناو گوتی: خودی سه‌رۆكی حكومه‌ت، رێزدار مه‌سرور بارزانی به‌ وردی چاودێری ره‌وشه‌كه‌ ده‌كات و ئێمه‌ی راسپاردووه‌ ئه‌ركی خۆمان راپه‌ڕێنین و به‌رپرسیارێتی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرین و ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ كێشه‌ی ئاوی ماڵان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و له‌ رێگه‌ی تانكه‌ره‌وه‌ ئاو بۆ ماڵ به‌ ماڵی هه‌ولێر دابین بكه‌ین.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، له‌ سبه‌یه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی لابردنی زێده‌ڕۆیی سه‌ر ئاوی خواردنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و رێكاری یاسایی دژی سه‌رپێچیكاران ده‌ستپێده‌كات.

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وانه‌كردنی هه‌زار تانكه‌ر ئاو بۆ هه‌ولێر، ئومێد خۆشناو گوتی: ئه‌وه‌ بۆ بانگه‌شه‌یه‌ و ئه‌و بابه‌ته‌ راست نییه‌ و ره‌نگه‌ هه‌زار ده‌به‌ ئاویان دابه‌ش كردبێت، به‌ڵام هه‌رگیز هه‌زار تانكه‌ر ئاویان نه‌ناردووه‌ و ئه‌گه‌ر شتێكی واش بوایه‌ ئه‌وا ریزی تانكه‌ره‌كان هه‌موو رێگه‌كه‌ی پێویست بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.