Erbil 12°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 06:03

په‌رله‌مانی کوردستان: له‌ ساڵیادی کۆمه‌ڵکوژی ئێزدییه‌کاندا سوپاسی گیانفیدایی پێشمەرگە ده‌که‌ین کە ڕێگەیان نەدا داعش پێشڕه‌وى زیاتر بکات

له‌ ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كاندا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
100%


له‌ ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كاندا، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت: 3 ى ئابی 2014،  ڕۆژێکی كاره‌ساتبار و خه‌مناكه‌ له‌ مێژووی خەڵکی کوردستان، لەو ڕۆژه‌دا تیرۆریستانى داعش بە بەرچاوی هەموو جیهان هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر قه‌زای شنگال و کچ و ژنانی کوردانی ئێزدییان بە بارمتە برد و پیاو و گەنجه‌كانیشیان زیندەبەچاڵ کرد.
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان راشیده‌گه‌ێنێت: له‌ كاتێكدا یادی ئەو ڕۆژە ڕەشە دەکەینەوە، پێویسته‌ سوپاسی خۆڕاگرى و گیانفیدایی پێشمەرگە قاره‌مانه‌كانى كوردستان و هاوکاریی وڵاتانی دۆست بکەین کە ڕێگەیان نەدا تاریکپەرستانی داعش پێشڕه‌ویى زیاتر بكه‌ن و بێنە ناو قووڵایی خاکی کوردستان و سه‌رجه‌م پێکهاتەکانی کوردستان و ناوچەکەشیان لە چەپۆکی ڕەشی تیرۆریستان پاراست و ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند.
راشیده‌گه‌یه‌نن: په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دانیشتنی ژماره‌ (3)ى نائاسایی خۆیدا له‌ ڕێكه‌وتی 2019/8/3، ڕۆژی 3ى ئابی 2014ى وه‌ك ڕۆژی كۆمه‌ڵكوژیى ئێزدییه‌كان دیاریكرد، بۆئه‌وه‌ى لەڕووی یاساییەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و قوربانییەکانی ئه‌و تاوانكارییه‌ دڕندانه‌یه‌، داواش له‌ حکوومەتی عێراق ده‌كه‌ین كه‌ بە ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی هەڵبستیت و ڕێگە بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تیمی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیکۆڵینەوه‌ لە تاوانەکانی داعش (UNITAD) بدات کە ئەو تاوانکارییە دۆکیۆمینت بکات و لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا بەرپرسیارانی ئەو تاوانکارییە دادگایی بکرێن و قەرەبووی قوربانییان بکرێتەوە و سه‌رجه‌م ئه‌و تاوانکارییانه‌ى لە دژی خەڵکی کوردستان ئه‌نجام دراون بە جینۆساید بناسێنن.

 سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، راشیده‌گه‌ێنێت: لە كۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی شنگال و قوربانییانی جینۆسایدی شنگال دادەنەوێنین، داواکارین پەلە بكرێت له‌ گه‌ڕان به‌ دوای بێسەروشوێنان و دیاریكردنی چاره‌نووسی نادیاران و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتووانی شنگال بۆ زێدى بابوباپیرانی خۆیان.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.