لێژنهی كاروباری شههیدان له پهرلهمانی كوردستان، له ساڵیادی ئهنفالكردنی بارزانییهكاندا پهیامێكی بڵاوكردهوه و رایدهگهێنێت: سی و هەشت ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکى وەک ئەمڕۆدا، ڕژێمى بەعسی لە گۆڕنراو بە پیلانێکى تاوانکاری گەمارۆى ئەو کۆمەڵگه زۆرەملێیانەی دا کە بەشێک لە خێزانە بارزانییەکانى تێدا نیشتەجێ کرابوون، هەشت هەزار گەنج و پیاوی سڤیلی بارزانی لە خێزانەکانیان جیا کردەوە و پاش ماوەیەکی کەم هەموویانی قەتڵوعام و زیندەبەچاڵ كرد.
راشیدهگهیهنن: هەرچەندە ئەوە تاوانى یەکەمى بەعس و ڕژێمە یەک لە دواى یەکەکانى عێراق نەبوو بەرامبەر بە گەلى کورد بە گشتى و بارزانییەکان بە تایبەتى، بەڵکو ئەوە ئەڵقەیەکى دیکەى ڕەش و تاوان بوو لە زنجیرە ئەڵقەکانى تاوانى بێ وێنە کە لە بەرامبەر خەبات و تێکۆشانى گەلى کورد و بارزانییەکان ئەنجام درابوون، لە هەمان کاتدا سەرەتاى ئەو تاوانە هیسترییانەش بوو کە بەعس لە بەرامبەر چۆکنەدانى گەلى کورددا دەستى پێکردبوو و پاشان لە کیمیاباران و ئەنفالدا دووبارەى کردنەوە.
لێژنهی كاروباری شههیدان له پهرلهمانی كوردستان، ئاماژه بۆ ئهوهشدهكهن: بارزانییەکان لە سۆنگەى ئەوەى کە کورد بوون و بێوچان لە خەبات و شۆڕشدا بوون بۆ وەدەستهێنانى مافە ڕەواکانى گەلى کوردستان، بوونە ئامانجى دوژمنانى گەلەکەمان، ئەو مافانەش بەپێى هەموو یاسا و ڕێسا مرۆیی و ئاسمانییەکان، وەک مافێکى بەڵگە نەویست بۆ گەلى کوردستان سەلمێنراوە و نکوڵییان لێ ناکرێت، بە تایبەت کە گەلى کوردستان یەکێکە لە گەلە زیندووە دێرینەکانى ناوچەکە و خاکەکەشی شوێنى شارستانییەتە هەرە دێرین و گەشاوەکانى مرۆڤایەتییە.
له بهشێكی دیكهی راگهیاندراوهكهی لێژنهی كاروباری شههیدان له پهرلهمانی كوردستاندا هاتووه: ئەو تاوانە بە هەموو پێودانگە یاساییە نێودەوڵەتییەکان بە تاوانى جینۆسایدکردن دەژمێردرێت، هەر بۆیە بەپێى پابەندیی عێراق بە ڕێکكەوتننامەى قەدەغەکردنى تاوانى جینۆساید و سزادان ساڵى ١٩٤٨ و سەرجەم ڕێکكەوتننامەکانى دیکەى پەیوەست بە مافەکانى مرۆڤەوە، پێویستە سەرەڕاى دادگاییکردن و سزادانى ئەنجامدەرانى ئەو تاوانە، ئەوا حکومەتى عێراقى داواى لێبووردن لە گەلى کوردستان بکات و قەرەبووى مادى و مەعنەویی قوربانییانى ئەو تاوانە و گشت تاوانەکانى دیکەى هاوشێوە کە بەرامبەر بە گەلى کوردستان لەمەوپێش ئەنجام دراون بکاتەوە و ناوچەکانیان ئاوەدان بکاتەوە.
له كۆتاییدا لێژنهكه رایدهگهێنێت: لەم یادە خەمناکەدا، سەرى ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانى ئەو تاوانە و گشت شەهیدانى کوردستان دادەنوێنین، داواکاریشین لە حکومەتى عێراقى کە بە ئەرکى خۆى هەڵسێت بە پاراستنى مافە دەستوورییەکانى گەلى کوردستان و جێبەجێیان بکات و هەموو هەنگاوێکى پێویستیش بنێت بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەى تاوانى لەو چەشنە لە داهاتوودا.
لێژنهی کاروباری شههیدان: له ساڵیادی ئهنفالکردنی بارزانییهکاندا پێویسته حکوومهتی عێراق داوای لێبوردن بکات
قەرەبووى مادى و مەعنەوی قوربانییانى ئەو تاوانە بكرێتهوه
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.