ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای کەرکووک دەست پێ کرد.
لەمبارەیەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵیی ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەکانی باشووری کەرکووک دەست پێ کردووە.
باس لەوەشکراوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، پاڵپشتی ئاسمانیی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش دابینکراوە و ھاتووە "ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە راوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعشە لە ناوچەکانی باشووری پارێزگای کەرکووک".
سەرەڕای ئەوەی ھێزە عێراقییەکان داعش-یان لە ناوچەکان شکست پێ ھێناوە، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تا ئێستا بەردەوامن لەسەر ھێرشەکانیان بەتایبەت لە ناوچەکانی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەددین و ئەنبار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.