سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی ئەمنیی ئەنجامدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو ئاگرەی لە نەخۆشخانە تایبەت بە توشبووانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە زیقار کەوتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەی راگەیاندنی کازمی-یەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی ئەو ئاگرەی لە نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای زیقاری باشووری وڵات کەوتووەتەوە کە تایبەتە بە توشبووانی کۆرۆنا، بە سەرۆکایەتی کازمی کۆبوونەوەیەک سازکراوە کە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی ئەمنیی بەشداریان کردووە و، چەند بڕیارێک دەرکراوە.
لە پاش کۆبوونەوەکە، پارێزگاری زیقار، ئەحمەد غانی ئەلحەفاجی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، پێشکەشکردنی راپۆرتی کۆتایی لە ماوەی 48 کاتژمێردا و بڵاوکردەوەی بۆ رای گشتیی.
حەفاجی باسی لەوەیش کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە راگەیاندنی پرسە لە پارێزگای زیقار بۆ گیانی ئەوانەی لەو ئاگرەدا گیانیان لەدەستدا لەگەڵ هەڵپەساردنی کاتەکانی کاری فەڕمی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە رۆژی سێ شەممەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.