باڵیۆزی نوێی کۆماری پۆڵۆنیا لە عێراق و کۆنسوڵی گشتی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و، رایانگەیاند پرسی بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بە گرینگییەوە دەگەیننە وڵاتەکەیان، هاوکات کارئاسانیش بۆ قوتابیانی هەرێم دەکەن کە بتوانن لە وڵاتەکەیان بخوێنن.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ستایشی پشتگیری و هاوکارییەکانی کۆماری پۆڵۆنیای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و، هەوڵەکەنی باڵیۆزی پێشوو و کۆنسوڵی گشتی کۆماری پۆلۆنیای لە هەولێر بەرز نرخاند، کە هاوکاری و هەماهەنگیان و ئەو هەوڵانەی داویانە لە گەشەپێدانی پەیوەندی سیاسیی و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری پۆڵۆنیا.
هۆشیار سیوەیلی، هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)ی خستە ڕوو بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکانی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان و، بە مەبەستی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەکاندا.
لە میانەی سەردانەکەدا بۆ مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ و وڵاتانی ناوچەکە، هەروەها کاریگەرییەکانی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە ناوچە سنوورییەکان، هاوکات دۆخی مرۆیی ئاوارەکان و، بەرەوپیشچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و، کاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسیی و حوکمڕانی لە عێراق. وە هەوڵەکانی (پ.د.ک) بۆ دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی تێگەیشتن لەگەڵ هەندێ لایەنی عێراقی کە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرن بۆ پێکەوەکارکردن لە دوای هەڵبژاردنەکان. وە گەشەپێدان و چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری پۆڵۆنیا و هەرێمی کوردستان و میکانیزمی گەشەپیدانی پەیوەندییەکان لە چەندین بواری جێی بایەخی نێوان کوردستان - پۆڵۆنیا بۆ شاندی پۆڵۆنی شی کراوەتەوە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی داوای کردووە، کە لە بواری ئەکادیمی و زانستیدا، دەرفەت بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێنن، کە لە زانکۆ و نێوەندەکانی زانستی کۆماری پۆڵۆنیا بخوێنن و ئاسانکاری وەرگرتنی ڤیزا بۆ خوێندکاران و گەشتیاران و خاوەنکاران بڕەخسێنن .
لە لایەکی دیکەوە، لەم ماوەیەدا و لەسەر ئاستی چەندین وڵاتی ئەورووپا، پرسی جینۆساید و قڕکردنی کوردانی ئێزیدی لە لایەن دەوڵەتی تیرۆریستی داعش لە پەرلەمانی وڵاتەکانیان بە فەرمی ناسراوە، بۆیە داوایان کردووە، کە کۆماری پۆڵۆنیاش بچێتە ریزی ئەو ئەو وڵاتانەی جینۆسایدی دژ بە گەلی کوردستان و کوردانی ئێزیدی و پێکهاتەکانی ئایینی و ئیتنی بە فەرمی بناسێنێنن.
شایانی باسە باڵیۆزی کۆماری پۆڵۆنیا لە عێراق، ئامانجی سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان خستە ڕوو و ویستی کۆماری پۆڵۆنیای دووپاتکردووەتەوە لە گرینگیدان بە سەقامگیری و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و، پیشخستنی پەیوەندییە سیاسییەکانیان و، ئابووری و بازرگانی و کەلتووری و زانستی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا، هەروەها بۆ ئاشنابوون بە دۆخی هەرێم و هاندانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی کە سوود لە ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان وەربگرن بۆ بەرەوپێشبردنی دەرفەتی کار و بواری وەبەرهێنان و، بەشدارییکردنی کۆمپانیاکانی پۆڵۆنیا لە چالاکییە بازرگانی و ئابوورییەکاندا.
هەروەها هەریەکە لە باڵیۆز و کۆنسوڵی گشتی کۆماری پۆڵۆنیا، دڵنیاییان دا هەوڵەکانیان بۆ ئاسانکاریکردنی خوێندکارانی کوردستان چڕبکەنەوە، تا بتوانن لە زانکۆ و نێوەندەکانی زانستی کۆماری پۆڵۆنیا درێژە بە خوێندن بدەن، سەبارەت بە پرسی جینۆساید و هەوڵدان بۆ ناساندنی لە لایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەیانەوە، ئەوا ئەو پەیامە بە وڵاتەکەیان دەگەیەنن بۆ گرینگیدان بە پرسی ناساندنی جینۆساید دژی گەلی کوردستان و قڕکردن و پاکتاوی رەگەزی تیرۆریستانی داعش دژ بە کوردانی ئێزیدی بەتایبەتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.