Erbil 7°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 22:20

سبەی پرۆڤەی دەنگدانی گشتیی و تایبەت بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە ئەنجام دەدەرێت

کوردستان TV
100%

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە سبەی دووشەممە، پڕۆڤەی دەنگدانی گشتیی و تایبەت بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە ئەنجام دەدەرێت.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران کە چاوەڕوان دەکرێت لە 10ی مانگی تشرینی یەکەم ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت و دوای تەواوبوونی پڕۆسەی تیروپشکی پێدانی ژمارە بە کاندیدان کە ژمارەیان سێ ھەزار و 244 کەسە و لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە پەسەندکراون، کاندیدەکان رێگەیان پێدراوە لە ھەشتی ئەم مانگەوە دەست بە بانگەشەی ھەڵبژاردن بکەن کە تا رۆژی حەوتی مانگی تشرینی یەکەمی داھاتوو بەردەوام دەبێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "سبەی دووشەممە 12ی تەمووز، یەکەم پرۆڤەی دەنگدانی گشتیی و تایبەت ئەنجام دەدرێت؛ پرۆسەکەش لە وێستگەیەکی دەنگدان لە ناوەندەکانی تۆمارکردن کە ژمارەیان ھەزار و 79 ناوەندە لە عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەوەیش بە ئامانجی دڵنیابوون لە وردی و خێرایی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی ھەڵبژاردن و توانای ناردنی ئەنجامەکان بە ئاسانی لە وێستگەکانەوە بۆ نووسینگەی نیشتمانیی".

بەپێی راگەیەندراوەکە پرۆڤەی دەنگدانی گشتیی و تایبەت بە ھەماھەنگیی لەگەڵ کۆمپانیای (میرۆی کۆری) و سەرپەرشتی کۆمپانیای ئەڵمانی تایبەت بە پشکنینی ئامێرەکان بەڕێوەدەچێت کە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاریکردن لە ھەڵبژاردنەکان و تیمی نێودەوڵەتی بۆ رێکخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان ئامادە دەبن.

لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە بەپێی ماددەی (39)ی یاسای ھەڵبژاردنەکان ژمارە نۆ بۆ ساڵی 2020، دەبێت بەرلە 48 کاتژمێر لە دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدانی گشتیی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تەنها بە کارتی بایۆمەتری بەڕێوەبچێت؛ دەنگدانی تایبەتیش ھێزە ئەمنییەکانی سەربە (وەزارەتی بەرگریی، وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای دژەتیرۆر، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە) دەگرێتەوە کە ژمارەیان یەک ملیۆن و 75 ھەزار و 727 دەنگدەرە و لە 595 ناوەند دەنگدەدەن.

ئەوەیش خراوەتەڕوو کە بەپێی خشتەی کۆتایی ئاوارە و پەنابەرەکانیش؛ 120 ھەزار و 126 ئاوارە لە عێراق مافی دەنگدانیان ھەیە کە دەتوانن بە کارتی بایۆمەتری لە شوێنی ئێستای نیشتەجێبوونیان لە 86 ناوەندی دەنگدان دەنگ بدەن.

چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە عێراق لە 10ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت کە تیایدا 25 ملیۆن و 139 ھەزار و375 دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.