Erbil 9°C شەممە 11 کانوونی دووەم 21:46

عیرفان کەرکووکی: بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین بچینە شارێک کە داگیرکرابێت لەلایەن حەشدی شەعبی و میلیشیاکانیان

لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە کەرکووکم بەجێهێشتووە
کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق لە کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەرکرد بەبیانوی ئامادەنەبوونی ئەو سێ ئەندامە تا ئەوەی هەرچییان لەگەردندایە لە ئۆتۆمبێل و نووسینگە و موڵکی دەوڵەت بگێڕنەوە بۆ دەوڵەت، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە دەڵێت بڕیارەکە سیاسییە.

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، عیرفان کەرکووکی کە یەکێکە لەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە هەولێر رایگەیاند "چەند رۆژێک بەرلە ئێستا دەستەی دەستپاکی کەرکووک بڕیاری دەستگیرکردنی سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی دەرکرد کە یەکێک لەوانە منم، ئەم بڕیارەی دەستەی دەستپاکی کەرکووک وەک بابەتێکی سیاسیی دەبینم کە ئامانجی دیکەی لە پشتەوەیە و لە هەرسێ بابەتەکەی کە دادگای کەرکووک تۆمەتی خستووەتە پاڵ ئێمە بەو نوسراوە دەبوو پێشتر ئێمەی ئاگادار بکردایەتەوە وەک ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، بەڵام بەداخەوە ئێمە هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکمان بۆ نەهاتووە کە ئەمەش بۆخۆی دەرچوونە لە عورف و نەریتی دادگایی".

ئەو گوتیشی: "ئەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵ ئێمە سیناریۆیەکی زۆر سەیر و سەمەرەیە بەوەی کە گوایە چەند کورسی و کۆمپیوتەرێک تەسلیم بە ئیدارەی پارێزگای کەرکووک نەکراوەتەوە، لەڕاستیدا ئەوانە هەمووی موڵکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک-ن، دەمەوێت لێرەوە رایبگەیەنم من لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە کەرکووکم بەجێهێشتووە و ماڵ و بارەگاکانمان تاڵان کران و لەلایەن حەشدی شەعبی و چەکدارانی میلیشیاوە بەتاڵان برا، یەکێک لەو ئۆتۆمبیلانەی کە هی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە برا، دەستەی دەستپاکی داوای ئەوەی نەکردووە بەدواداچوونێک بکات سەبارەت بەبردن و تاڵانکردنی بارەگاکان و ماڵ و سەروەتی ئێمە کە ماڵی تایبەتییە و ئێستاشی لەگەڵدابێت میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەریدا گرتووە، دەبوایە شکایەتیان لە ئێمە وەربگرتایە کە ئێمە خۆمان بە مەزلوم دەبینین لە شاری کەرکووک چ لە رووی سیاسیی چ لەرووی کۆمەڵایەتیی".

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، عیرفان کەرکووکی راشیگەیاند "ئەوەی ئێستا لە کەرکووکدا دەگوزەرێت دوورە لە هەموو عورفێکی یاسایی دادگا و سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئێمە چەندین نووسراومان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کردووە دەربارەی ئەوەی کە دۆخی کەرکووک دۆخێکی نالەبارە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان، کەرکووک شارێکی داگیرکراوە بووەتە شوێنێکی سەربازیی ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین بچینە شارێک کە داگیرکرابێت لەلایەن حەشدی شەعبی و میلیشیاکانیان".

گوتیشی: "لە کەرکووک پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان نەماوە، دەبێت شەرعییەت بۆ کەرکووک و کەرکووکییەکان بگەڕێتەوە، دادگای کەرکوک وادیارە بەپشت بەستن بە حوکمی سەربازیی بڕیار بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا دەردەکات بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ عورف و عاداتی دادگا و دەستوور، ئێمە لێرەوە رایدەگەیەنین وەک پارتێکی سیاسیی تورکمانی بارەگاکانمان و ماڵی خۆمان وەک موڵکی تایبەتی داگیرکراوە و ئامادەش نین بچینەوە ئەو شارە بۆ ژێر دەستی کۆمەڵێک میلیشیات کە بەخواستی خۆیان مەرامەکانی خۆیان بەسەر ئێمەدا بسەپێنن".

عیرفان کەرکووکی راشیگەیاند "ئێمە جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە ئەو بڕیارەی دادگای کەرکووک بەبێ گەڕانەوە بۆ عورف و عاداتی دەستووریی و یاسایی دەرکراوە و بڕیارێکی سیاسییە".

بڕیارەکەی دەستەی دەستپاکی عێراق لە کەرکووک پشتی بەستووە بەماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە دادگای لێکۆڵینەوە لە کەرکووک ئەو بڕیارەی دەرکردووە، بڕیارەکەش بۆ هەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رێبوار تاڵەبانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەدوەر ئۆڕاهام و عیرفان کەرکوکی-یە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.