Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 06:50

سه‌ده‌یه‌ک به‌سه‌ر یادی په‌یدابوونی شانۆ له‌کوردستاندا ره‌تده‌بێت

کوردستان TV
100%

له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن قوتابخانه‌ی هه‌ولێری یه‌كه‌م (اربیل الاولی) له‌ سه‌ر قه‌ڵاته‌وه‌ شانۆگه‌ری (سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی) ساڵی 1921 پێشكه‌ش كرا ، له‌و ده‌مه‌وه‌  مامۆستا (فوئاد ره‌شید به‌كر) له‌سه‌ر سه‌كۆی ماڵێكی (به‌هێ خانی) ژنی (شێخ مه‌حمود)ی نه‌مر كه‌ قوتابخانه‌ی (ئه‌وه‌ڵ)ی تیا دامه‌زرا بوو، یه‌كه‌مین شانۆگه‌ریی هونه‌ریی له‌شاری سلێمانی به‌ناونیشانی(عیلم و جه‌هل) له‌ساڵی  1926دا نمایش كرد، پێشتریش له‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌مین تێكستی شانۆنامه‌ی كوردی به‌ناونیشانی (مه‌مێ ئالان) له‌ گۆڤاری (ژین) له‌شاری (ئه‌سته‌مبوڵ) له‌لایه‌ن (عه‌بدولڕه‌حیم ره‌حمی یه‌وه‌ ساڵی 1919 ، تاكو به‌  ئه‌مڕۆ ده‌گات وا سه‌ده‌یه‌كی ته‌واو به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی شانۆی كوردیدا تێده‌په‌ڕێت ، له‌م 100 ساڵه‌دا هونه‌ری شانۆ ورده‌ورده‌ ئاشنایه‌تی و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ته‌واوی شاره‌كانی كوردستاندا به‌ستووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ شارۆچكه‌ و هه‌ندێك له‌ گونده‌كانیشدا بایه‌خی وه‌رگرتووه‌. چه‌ندین نووسه‌ر و ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و ره‌خنه‌گر و لێكۆڵیارو ...هتد تیادا هه‌ڵكه‌وتووه‌، وێڕای دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ و تیپ و به‌رێوبه‌رایه‌تی شانۆ و به‌شی شانۆ له‌ كۆلێژ و په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان كه‌ ئه‌م هونه‌ره‌یان له‌ئامێز گرتووه‌. له‌نێو بڵاوكراوه‌ كوردییه‌كانیشدا له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كاندا و له‌ میانه‌ی ده‌یان تێكست و كتێبی شانۆیی وه‌رگێڕدراو و كوردیدا بره‌وی پێدراوه‌ .

شانۆ له‌ ژیانماندا دره‌وشاوه‌ و كارا بووه‌، ساڵانێكیش ره‌وته‌كه‌ی ئه‌وتۆ نه‌بووه‌ و په‌راوێز خراوه‌. وه‌لێ زۆر جاریش هه‌ستمان كردووه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ خوازراوه‌، راگوزه‌ر نییه‌ و ره‌گ و ڕیشه‌ی له‌نێو فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوورماندا رۆچووه‌ و وه‌ك شیعر و مۆزیكی كوردی ره‌سه‌نایه‌تی په‌یدا كردووه‌.

ره‌نگه‌ ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ك ماوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌بێت له‌ئاست مێژووی دوور و درێژی شارستانی مرۆییدا، ته‌نانه‌ت به‌ به‌راوورد له‌ته‌ك ته‌مه‌نی ئه‌م هونه‌ره‌ خۆیدا، كه‌ به‌راییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی بۆ بیست و پێنج سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش گه‌ر له‌ دیدی ئه‌و وه‌رچه‌رخان و په‌ره‌سه‌ندنه‌ مه‌زنانه‌وه‌ لێی بڕوانین كه‌ قۆناغه‌كانی شۆڕشی پیشه‌سازیی زانستی و گه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌ گلۆباڵییه‌كانی تیدا هاتۆته‌ دی، ئه‌وا ماوه‌كه‌ وا كورت و بێ بایه‌خ نییه‌. به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ نێوان دوو هه‌زاره‌دا و به‌ رۆژگاری شۆڕش و ئه‌زموونه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی حكومه‌ت و خود موختارییه‌كانی كوردا ره‌ت بووه‌. هه‌ر له‌سه‌رده‌می حكومڕانی شێخی نه‌مره‌وه‌ تا به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌زموونه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ده‌گات.

 بۆیه‌ پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا (شانۆی كوردی) به‌كوێ گه‌یشتووه‌ و چ رۆڵێكی له‌ ژیانماندا گێڕاوه‌ و ده‌گێڕێت؟

ره‌نگه‌ زانیارییه‌كی تازه‌ نه‌بێت گه‌ر بڵێین، شانۆكه‌مان به‌رده‌وام له‌ژێر كاریگه‌ریی و له‌نێو پرۆسه‌ی لاسایی كردنه‌وه‌ی شانۆی گه‌لانی تردا بووه‌، هه‌ر له‌شانۆی رۆژئاواییه‌وه‌ تا به‌ شانۆی عه‌ره‌بی ده‌گات. دیاره‌ ئه‌م پرۆسیسه‌ له‌دیدی زۆر له‌ شانۆكارانمانه‌وه‌ دیارده‌یه‌كی نۆرماڵه‌ و نه‌بووه‌ته‌ جێگای گازه‌نده‌یه‌كی زۆر، چونكه‌ هێشتا له‌ قۆناغی وه‌رگرتن و بینینه‌وه‌ و سه‌رسامیداین ، له‌ئاست هونه‌رێكی وا نوێ له‌ ژیانماندا كه‌ په‌ره‌سه‌ندنی پابه‌نده‌ به‌ راده‌ی پێشكه‌وتنی ژیاریی گه‌لانه‌وه‌ و زه‌مینه‌و كلیل و كه‌ره‌سته‌كانی فه‌راهه‌م نییه‌ له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌دا.

ره‌نگه‌ كێشه‌كه‌ هه‌ر  له‌وێدا بێت، كه‌ هێشتا له‌م قۆناغه‌دا چه‌قیوین و هه‌ر وه‌رگرین و هه‌وڵی دووباره‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌خششه‌كانی ئه‌وانی تر ده‌ده‌ین ، به‌راده‌یه‌ك له‌زۆربه‌ی كاته‌كاندا نه‌مانتوانیوه‌ به‌ هۆشیارییه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ ره‌هه‌نده‌ مێژوویی و هونه‌رییه‌كانی ئه‌و رێباز و ته‌وژمانه‌ راڤه‌ بكه‌ین و ئاستی كاریگه‌ریان بۆسه‌ر واقیعی ژیانمان بنرخێنین.

ئاشكرایه‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌پێی بونیادی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ئامرازه‌كانی ده‌ربڕینی هونه‌ریی سه‌باره‌ت به‌ پرس و قه‌یرانه‌كانی دێنێته‌ ئاراوه‌. شانۆ له‌رۆژئاوادا به‌درێژایی مێژووی خۆی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ بووه‌، هه‌ر له‌ سه‌رده‌مانی گریكه‌وه‌ تاكو به‌ سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری پیشه‌سازیی و ده‌رهاویشته‌ ده‌روونی و ئه‌نتۆلۆژییه‌كانی ده‌گات ، كه‌ پرسی ته‌ریكی و نامۆبوونی مرۆڤی رۆژئاوایی به‌رجه‌سته‌ كردووه‌.

ئێمه‌ هێشتا قۆناغی كۆمه‌ڵگه‌ی كشتوكاڵی و په‌یوه‌ندی خێڵه‌كی به‌رۆكی به‌رنه‌داوین و له‌ رووی فیكریی و به‌خششه‌ هونه‌رییه‌كانمانه‌وه‌ به‌ قۆناغی ڕۆشنگه‌ریی نه‌گه‌یشتوین! كه‌چی نه‌وای مشتومڕ و دیالۆگی پۆست مۆدێرنه‌مان ره‌ت داوه‌!!

كورت و كرمانج ئه‌وه‌ی كاكڵه‌ی بابه‌ته‌كه‌یه‌، پێویسته‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی خاوه‌نی هۆشیارییه‌كی   تۆكمه‌یه‌ له‌ به‌رایدا  سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی و دواتر به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ورووبه‌ری و له‌ جیهاندا ده‌گوزه‌رێت ئاشنا بێت، پاشان ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌ بهێنێته‌ ئه‌نجام كه‌ هۆشیاریی وه‌رگر كارا ده‌كات نه‌خاسمه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ڕووده‌دات. له‌ ئاكامدا رۆڵی هونه‌ری شانۆ وه‌ك كایه‌ و پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی هه‌ره‌ كاریگه‌ر له‌نێو بزاڤی رووناكبیریی گشتی كۆمه‌ڵگادا به‌رجه‌سته‌ بكات، ئه‌و بزاڤه‌ رووناكبیرییه‌ی كه‌ گه‌له‌كه‌مان له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو رێكه‌فه‌كانی ژیاندا پێویستییه‌كی گه‌وره‌ی پێی هه‌یه‌.

كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ شانۆكاری كورد، پێگه‌كانی وه‌رگر له‌ نێو جه‌ماوه‌ری هونه‌ردۆستی كوردستان دیاری بكات. خه‌سڵه‌ت و سیما و جۆره‌كانی ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ له‌ میانه‌ی ره‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی و سیاسی و ئاینی و ئابوورییه‌وه‌ لێك بداته‌وه‌ ، به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی سیما و گوتاری فیكریی و ئیستاتیكی شانۆكه‌ی.

ئایا ده‌كرێت هه‌موو جه‌ماوه‌ر به‌یه‌ك ئاستی هۆشیاریی و كاردانه‌وه‌ی هه‌ست و نه‌ستیان ، چه‌شه‌ و هه‌ڵوێست له‌ شێواز و ناوه‌ڕۆكی  نمایشه‌كان وه‌ربگرن؟ ئه‌دی چۆن لێكیان واڵا بكه‌ینه‌وه‌ و ئاسته‌كانیان جیا بكه‌ینه‌وه‌؟ به‌ چ پێوانه‌یه‌ك و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك: (چینایه‌تی، ئاینیی، ئایدۆلۆژیی، نه‌ته‌وه‌یی، رۆشنبیریی؟...)

 ئایا دروسته‌ په‌یامه‌كه‌مان له‌ چوارچێوه‌ی رۆشنبیریی گشتیدا یان رۆشنبیریی سه‌راپیگردا بۆ جه‌ماوه‌رێكی گشتی و سه‌راپاگیر پێشكه‌ش بكه‌ین؟ جه‌ختكردنه‌وه‌مان له‌سه‌ر(وه‌رگر) جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌ ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی شانۆ و جه‌مسه‌ری یه‌كه‌می هاوكێشه‌ی سه‌رخستنی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی شانۆیی راسته‌قینه‌. به‌ڵام كێ وه‌رگرێكی شانۆیی چاك و هۆشیارمان پێ ده‌به‌خشێت؟

كۆمه‌ڵگا و ئاستی پێشكه‌وتنی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ ده‌یهێنێته‌ كایه‌وه‌؟ یان هزر و پرس و قه‌یرانه‌كان؟ یاخود جیهانگه‌رایی؟ یان ئه‌وه‌ خودی شانۆیه‌ هۆشیاریی و چه‌شه‌ی بینه‌رانی ده‌ورووژێنێت و ئه‌كتیڤی ده‌كات: به‌ ئاراسته‌ی ژیانی خۆی و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی و ئه‌و پرسه‌ گرنگانه‌ی رێڕه‌وی ئێستا و ئاینده‌ی پێوه‌ به‌نده‌؟

 له‌ئێستاشداو وێڕای هه‌موو كه‌موكوڕی و ته‌نگه‌ژه‌و گلله‌ییه‌كان و به‌بۆنه‌ی یادی تێپه‌ڕبوونی سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنی ئه‌م هونه‌ره‌ له‌كوردستاندا ، ئێمه‌ له‌ساته‌وه‌ختێكی مێژوویداین چ وه‌ك هه‌ستیاریی ره‌وشی كۆمه‌ڵگای كوردی له‌ هه‌موو ركێفه‌كانیدا ،یاخود وه‌ك ده‌رفه‌تێكی له‌بار بۆ پێداچوونه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وه‌ی كه‌تێپه‌ڕیوه‌و چڕ كردنه‌وه‌ی پوخته‌ی ئه‌زموونه‌كه‌ بۆ ئێستاو ئاینده‌  ..

 سه‌رچاوه‌ی مێژووییه‌كان:

1.(مێژووی شانۆ، له‌ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا)  د. فه‌رهاد پیرباڵ 2001

2.( شانۆی كوردی ، ئه‌رشیف و تێكست وئه‌كته‌رو بینه‌ر) یاسین قادر به‌رزنجی له‌بڵاوكراوه‌كانی گۆڤاری شانۆ 2007

ن- ئه‌رسه‌لان ده‌روێش

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.