ئەمڕۆ پێنجشەمە 2021.6.3، بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەڕێورەسمێکدا، 10 گۆڕەر بۆ 10 وێستگەی کارەبا لەشاری کۆیە کرایەوە.
لەڕێورەسمەکەدا، ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا، ڕایگەیاند: "کۆیە لەچوارچێوەی پلانەکانی پارێزگای هەولێر، تایبەتمەندی خۆی هەیە و بۆ خزمەتکردنی زیاتری ئەوشارەش پێویستمان بە پشتیوانی سەرجەم وەزارەتەکان هەیە، لێرەشەوە سوپاسی جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیران دەکەین کە هەمیشە هاوکاری کارەکانی ئێمە بوونە لە پارێزگای هەولێر و پشتیوانی ئەوانیش بۆتە بەشێکی گرنگ لە خزمەتگەیاندن بە سنووری پارێزگای هەولێر".
پارێزگاری هەولێر، هەروەها وتی: "ڕاستە لەقۆناغی سەختی دارایی دابووین، بەڵام ئێستا بە ئیماکانیاتێکی دیارکراو لە قۆناغێکی تری دەسپێکردنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانین، بەهیوای ئەوەین لەچوارچێوەی پەرەپێدانی پارێزگا، بتوانین خزمەتیکی باشتر پێشکەش بە دانیشتوانی سنووری پارێزگاکەمان بکەین لەنێویشدا کۆیە کە تایبەتمەندی خۆی هەیە و شایەنی خزمەتی زیاترە، دووبارە تەئکید لەوە دەکەینەوە کە ئامانجمان ئەوەیە لەو سنووری خزمەتی گەورەتر پێشکەشبکەین".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.