مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كودستان له پهیامێدا ڕایگهیاند: یابەر لە (45) ساڵ و لە (26)ی گوڵانی ساڵی(1976)دا شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز بەڕابەرایەتی و رێنوێنی بارزانی نەمر و سەركردایەتی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان بەرپابوو، شۆڕشی گوڵان خاوەن پەیامێكی شۆڕشگێرانە و نەتەوایەتی و نیشتیمانی بوو، كە هەڵقووڵاوی خواست و ویستە راستەقینەكانی گەلی كوردستان بوو دژ بە ستەم و زۆرداری.
شۆڕشی گوڵان، كە درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و ئەو كاروانە نەسرەوتووەی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی رۆڵەكانی گەلەكەمان بوو ئیرادەی گەلی كوردستانی بەرجەستەكرد و بۆ دوژمنانی سەلماند، كە كێشەی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلەكەمان لەناوناچێ و بەردەوام دەبێ تا بەدیهاتنی دوا ئامانجەكانی. شۆڕشی گوڵان وێستگەیەكی گرنگ و قۆناغێكی دیكەی كاروانی خەبات و بەرخودان بوو بۆیە خاوەن پەیامێكی روون و رەواش بوو بۆ یەكڕیزیی گوتاری كوردی و فیدراڵیزم و بەدەستهاتنی دەسكەوتەكانی دوای راپەڕین.
ئەمڕۆش دوای بەدیهاتنی ئەو دەسكەوتانە و لەم قۆناغەی حوكمڕانیدا، پێویستە بەهەموو هێز و توانایەكمانەوە ئەو رەوش و بارودۆخەی هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەو پێش ببەین لەرووی بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی هەرێم، هەروەها بەرقەراربونی سەقامگیریی و ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بۆیە ئێمە لەو دەرفەتەدا وەك پارتی دیوكراتی كوردستان زیاتر جەخت دەكەینەوە سەر كاركردن وەك یەك تیم لەرێگەی پتەوكردنی گیانی دیالۆگ و بەرپرسیاریەتی و گوتاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەكان و برەودانی زیاتر بە پێگە بەهێزەكانی ئەو ئەزموونە و وەلانانی گیروگرفتە لابەلاكان بۆ چارەسەركردنی كێشە و پرسە هەنووكەییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ و و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەغدادا.
لە یادی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازدا هەمدیسان بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەكەینەوە وەك هەمیشە لەسەر هەمان رێبازی نەگۆڕ و رەسەن و راستەقینەی كوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتیمانیمان بەردەوام دەبین بۆ پاراستنی حوكمڕانی و قەوارەی هەرێم و دەسكەوتەكانی گەلەکەمان و پتەوكردنی بنەماكانی ئاشتیخوازیی و دیموكراسی و كولتووری لێبووردەیی و پێكەوەژیان و دابینكردن و باشتركردنی ژیان و گوزەرانێكی شایستەیی بۆ هاوڵاتیان و بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواكانمان.
لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و رابەر و داڕێژەری رێبازی كوردایەتی (مستەفا بارزانی نەمر) و كاكە (ئیدریسی هەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەهیدانی رێگای سەروەریی و ئازادی و رزگاریی كوردستان..
سڵاو بۆ یادی ئەو تێكۆشەرانەی سەرقافلەی شۆڕش و بەرخودان بوون... سڵاو لە كادیر و ئەندامان و لایەنگران وجەماوەری دڵسۆزی پارتیمان.. سەركەوتن هەر بۆ خەباتی رەوای گەلەكەمانە.. بەرز و شەكاوە بێت ئاڵای كورد و كوردستان..
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ٢٥ـی٥ـی٢٠٢١
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.