Erbil 7°C شەممە 11 کانوونی دووەم 08:59

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان سوپاسى پشتگیرى و هاوکارییه‌کانى فه‌ره‌نسا ده‌کات

کوردستان TV
100%


له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ شاندێكى فه‌ره‌نسى،  نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى گه‌لى كوردستانى بۆ فه‌ره‌نسا دووپات كرده‌وه كه‌ هه‌میشه‌ له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا پشتگیریى مرۆیى، سیاسى و سه‌ربازیى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌ و هیواى خواست فه‌ره‌نسا له‌ پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌وڵه‌كان و ڕۆڵى یارمه‌تیده‌رانه‌ى سه‌رۆك ماكرۆنى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق كرد.

لاى خۆیه‌وه‌ شاندى فه‌ره‌نسیش وێڕاى سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمى كوردستان له‌ شكاندنى داعش و حه‌واندنه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆرى ئاواره‌ په‌نابه‌ران و پێكه‌وه‌ژیانى نێوان پێكهاته‌كان، دووپاتى كرده‌وه كه‌ فه‌ره‌نسا به‌ بایه‌خ و گرنگییه‌كى زۆره‌وه‌ له‌ دۆستایه‌تى و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و له‌ پێگه‌ و ڕۆڵى هه‌رێم له‌ سه‌قامگیریى عێراق و ناوچه‌كه‌دا ده‌ڕوانێت و هێشتا كارێكى زۆرى هاوبه‌ش ماوه‌ پێكه‌وه‌ بیكه‌ن و هه‌رێمى كوردستانى به‌ فاكته‌رێكى گرنگى سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌، له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/5/25  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمى كوردستان پێشوازی لە خاتوو فرانسواز دۆماس سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرگریی نیشتمانی و سەربازی لە پەرلەمانی فەرەنسا و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ بەڕێزان فیلیپ مایەر و گوێندال ڕۆیلارد ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و برۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و ئۆلیڤیێ دیکۆتینى، کونسولی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى ئه‌منیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كانى داعش، ڕۆڵى هێزه فه‌ره‌نسییه‌كان و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ هاوكارى و پشتگیریكردنى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ى تیرۆر تاوتوێ كرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه‌ و بۆ له‌ناوبردنى یه‌كجاره‌كییان، عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پێویستییان به‌ به‌رده‌وامیى پشتگیرى و ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تییه‌.

بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوبه‌شیى زیاترى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، میكانیزمى هاریكاریى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق له‌ ناوچه‌كانى ماده‌ى 140ى ده‌ستوور، دۆخى سووریا به‌گشتى و چه‌ند ته‌ورێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

1

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.