Erbil 25°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 21:27

پەنابەرانی کوردستانی ئێران لە هەولێر بە خۆپیشاندان داوای مافەکانیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن

کوردستان TV
100%

ژمارەیەک لە پەنابەرانی كوردستانی ئێران لە هەولێر لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خۆپیشاندانیان کرد و داوایان کرد مافەکانیان لە پێدانی مافی پەنابەری سیاسیی یەکلایی بکرێتەوە و کەیسی پەناخوازانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی جیابکرێتەوە و بە یەک چاو سەیرنەکرێن.

پەنابەرانی كوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لە نۆ داواکاری پێکهاتووە داوایان کردووە، کەیسی پەناخوازانی سیاسیی یەکلابکرێتەوە کەبەپێی یاساکانی UNHCR دەبێت لەماوەی نیوان سێ تاوەکو شەش مانگدا چارەنووسیان دیاریی بکرێت و پەنابەرانی سیاسیی بۆ وڵاتی سێیەم رەوانەبکرێن.

داواشیان کردووە کەیسی پەناخوازانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی جیابکرێتەوە کە ئەوان دەتوانن هاتوچۆی ئێران بکەن و کێشەیان نییە.

هەروەها داوا دەکەن کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاویان بۆ دروست بکرێت و کێشەی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەو پەنابەرانەش چارەسەربکرێت کە ئیقامەی هەرێمی کوردستانیان هەیە.

پەنابەرانی كوردستانی ئێران لە خاڵێکی دیکەی داواکاریەکەیاندا داوایان کردووە کێشەی خوێندن بۆ خوێندکارانی پەنابەری كوردستانی ئێران چارەسەربکرێت بەتایبەت ئەوانەی دوای تەواوکردنی قۆناغی زانکۆ بەو هۆیەی بەڵگەنامەی باری کەسێتی عێراقییان پێنییە بڕوانامەکانیان پێنادرێتەوە و ناتوانن دابمەزرێن.

داواشیان کردووە هەلی کاریان بۆ برەخسێندرێت بەتایبەت بۆ ئەو پەنابەرانی هیچ پیشەیەکیان نییە و توانای دابینکردنی بژێوی ژیانیان نییە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.