Erbil 27°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 09:26

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: هەرێم ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر بەغدا دەربڕیوە

کوردستان TV
100%


 سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە كردوویانە، بەردەوامن و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە رابردوو و ئێستاشدا ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ جێبەجێكردنی پابەندییە داراییەكانی بەرامبەر بەغدا دەربڕیوە.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق   بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، وەك ئاشكرایە، پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی31-3-2021 دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 دا، بە پشكی هەرێمی كودرستانیشەوە، بە تایبەت ئەوەی كە پەیوەندی بە هەردوو ماددەی 10 و 11 هەبوو، بە پشتبەستن بە ماددەی52 لە یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی ژمارە 23 بۆ ساڵی 2021، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانانیش لە حكوومەتی فیدڕاڵی چەند رێنماییەكیان دەركرد بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای بودجە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی گشتیی وەزارەتی داراییە، كە ئەو رێنماییانەش لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی بە ژمارە 4625 لە 12ی نیسانی2021 بڵاو كراونەتەوە.

 راشیده‌گه‌ێنێت: پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجەی دارایی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، بریتییە لە 11 ترلیۆن و 482 ملیار و394ملیۆن دینار، حكوومەتی هەرێمیش ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ و نووسراوی فەرمیی خۆی بە (ژمارە 1186 لە بەرواری 15-4-2021) ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە بۆ جەختكردنەوە لە ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە جێبەجێكردنی ئەو پابەندییانەی دەكەونە سەری لە یاسای بودجەدا بۆ گشت مانگێك (لە مانگی كانوونی دووەمەوە). دواتر بەپێی نووسراوی ژمارە 163 لە 13-4-2021 و بۆ هەمان مەبەست، جەخت لە نووسراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرایەوە، ئەمە بەدەر لەوەی  دیوانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێم پلان و وردبینیی هاوبەشی نارد بۆ دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی بەپێی نووسراوی ژمارە 1 / 1/ 83 لە بەرواری 5/2/2021 لە پێناو دەستەبەری لە جێبەجێكردنی بڕگەی (د) و بڕگەی (ج) لە ماددەی 11ی یاسای بودجە.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی  له‌ئه‌نجومه‌نی نوینه‌رانی عێراق ده‌شڵێت: ئەم رێكارانەی كە حكوومەتی هەرێم پێی هەستاوە، لە پێناو دەستەبەریی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدڕاڵی بووە، بۆیە هەر كەسێك بە هەر هۆكارێكی حزبی یان هەڵبژاردن، بانگەشە بكات و بیەوێت هاووڵاتیانی پێ چەواشە بكات و بڵێت ئەو دەنگدانەی لە رۆژی 31/3/2021 بۆ بودجە درا، جێبەجێكردنی دەكەوێتە 1/4/2021ـەوە، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ دەقی ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی بودجە، كە بە ڕوونی تێیدا باس كراوە.

هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌ێنێت: هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە بەردەوامن و گەشببینین بەوەی  لە ئایندەیەكی نزیكدا پشكی هەرێم وەك ئەوەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، بنێردرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.