Erbil 32°C سێشەممە 24 ئەیلوول 17:31

ئه‌م ئێواره‌یه‌ له‌یاری کۆتایی جامی یه‌کێتی ئینگڵته‌را چێڵسی رووبه‌رووی لیسته‌ر سیتی ده‌بێته‌وه‌

کوردستان TV
100%


له‌ یاری كۆتایی جامی یه‌كێتی ئینگلته‌را بۆ تۆپی پێ، كاتژمێر حه‌وت و پازده‌ خوله‌كی ئه‌مرۆ ئێواره‌ به‌كاتی هه‌ولێر، یانه‌ی چێڵسی ڕووبه‌ڕووی یانه‌ی لیسته‌رسیتی ده‌بێته‌وه‌و یاریه‌كه‌ش له‌ یاریگای وێمبلی له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
 ئه‌م یارییه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ چێڵسی ئاستێكی به‌رزی له‌ نیوه‌ی دووه‌می ئه‌م وه‌رزه‌ پێشكه‌شكردووه‌و له‌ خولی ئینگلته‌را، له‌ پله‌ی چواره‌مدایه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی شه‌ست وچوار خاڵ، له‌ چامپیۆنس لیگیش گه‌یشتۆته‌ یاری كۆتایی و له‌ بیست ونۆی ئه‌م مانگه‌دا ڕووبه‌ڕووی مانچسته‌رسیتی ده‌بێته‌وه.
 هه‌ردوو یاریزان نگۆلۆ كانتێی فه‌ڕه‌نسی و ماتیۆ كۆڤاسیچی كڕواتی پێكانیان چاك بۆته‌وه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ڕیزی بلوز، له‌و لاشه‌وه‌ لیسته‌رسیتی به‌ هه‌مان شێوه‌ ئاستێكی به‌رزی له‌ ڕكابه‌ریه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگ پێشكه‌شكردووه‌و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی شه‌ستوشه‌ش خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان دایه.
 ئه‌مساڵیش یانه‌كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ دوای پتر له‌ په‌نجا ساڵ گه‌یشتۆته‌ یاری كۆتایی جامی یه‌كێتی ئینگلته‌راو له‌ مێژووی خۆیدا هیچ جارێك جامه‌كه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه.
 له‌به‌رامبه‌ریشدا، چێڵسی هه‌شت جار به‌ نازناوی جامی یه‌كێتی ئینگلته‌را شاد بووه‌ كه‌ دوایینیان له‌ ساڵی دووهه‌زاروهه‌ژده‌ بوو، هه‌ریه‌ك له‌ تۆماس تۆخێل ڕاهێنه‌ری چێڵسی و برندان ڕۆدجه‌رز ڕاهێنه‌ری لیسته‌رسیتی به‌ دوو پێكهاته‌ی تۆكمه‌ خۆیان بۆ یاریه‌كه‌ ئاماده‌كردووه.
 جێگای باسه‌ دوای ئه‌م یاریه‌ش، سێشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ گه‌ڕی سیی و حه‌وته‌م و پێش كۆتایی خولی یانه‌كانی ئینگلته‌را، هه‌ردوو یانه‌ جارێكی دیكه‌و له‌ یاریگای ستامفۆرد بریج له‌ له‌نده‌ن ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌ .
 


                   

كوردستان TV

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.